Mohammed Baqi Hussein
06 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 07 ئادار 2016
هەردوو پارتی دیموكرات و كۆماری بەردەوامن لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی بەرایی لە قۆناغی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتیدا بۆ دیاریكردنی كاندیدی سەرەكی پارتەكان بۆ پۆستی سەرۆكی ئەمەریكا و لەوچوارچێوەیەشدا لە پێنج ویلایەتی دیكە هەڵبژاردنی بەرایی ئەنجام درا.
لە هەردوو ویلایەتی كانساس و لویزیانا هەردوو پارت هەڵبژاردنی بەراییان ئەنجام دا. لە هەردوو ویلایەتی كێنتوكی و مەێن كۆمارییەكان و لە ویلایەتی نێبراسكاش دیموكراتەكان هەڵبژاردنیان ئەنجام دا.
پاڵێوراوی دیموكراتەكان بێرنی ساندەرس لە ویلایەتەكانی كانساس و نێبراسكا سەركەوتنی بەسەر هیلاری كلینتۆنی ركابەریدا تۆمار كرد. ساندەرس لە كانساس رێژەی سەدا 67 و لە نێبراسكا سەدا 55ی دەنگەكانی بەدەست هێنا.
كلینتۆنیش لە ویلایەتی لویزیانا بە بەدەست هێنانی رێژەی سەدا 70ی دەنگەكان، بەجیاوازییەكی زۆر بەسەر ساندەرسدا سەركەوت.
بەوپێیە تا ئەمڕۆ كلینتۆن هەزار و 121 نوێنەر و ساندەرس 474 نوێنەری بەدەست هێناوە.
لە پارتی كۆمارییەكان سەرباری لێدوانە ئابڕوبەرەكانی، سەرمایەدار دۆناڵد ترەمپ بەردەوامە لە بەدەست هێنانی لایەنگرانی پارتەكەی. ترەمپ لە ویلایەتی كێنتوكی بە بەدەست هێنانی رێژەی سەدا 35ی دەنگەکان بەسەر ركابەرەكانیدا سەركەوت و لە ویلایەتی لویزیاناش بە بەدەست هێنانی رێژەی سەدا 42ی دەنگەكان سەركەوتنی بەدەست هێنا.
سیناتۆری تەكساس تێد كروز كە بەگشتی لە هەڵبژاردنە بەراییەكاندا بەپلەی دووەم دێت، لە دوو ویلایەتی دیكەدا سەركەوتنی بەدەست هێنا.
بڕیارە رۆژی 8ی ئازار هەڵبژاردنی بەرایی لە ویلایەتەكانی ئایداهۆ، میشیگن و میسیسپی درێژەی پێ بدرێت.