Zana Natık Kerem
24 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 25 کانوونی یەکەم 2017
خەرتووم ــ AA
یاریدەدەری سەرۆكی سوودان، ئیبراهیم مەحمود حامد رایگەیاند كە ئامانج لەو سەردانەی كە ئەمڕۆ یەكشەممە سەركۆماری توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ سوودان ئەنجامی دەدات، پتەوتركردنی هەماهەنگی و هاوكارییە سیاسییەكانی نێوان هەردوو وڵاتە.
لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی شرووق، ئیبراهیم مەحمود حامد گوتی: "هەموو ئامادەكارییەكان بۆ پێشوازیكردن لە سەركۆماری توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان كە ئەمڕۆ یەكشەممە بە سەردانێك دەگاتە سوودان، تەواوکراوە".
ئەمڕۆ یەكشەممە، سەركۆماری توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان گەشتێك بۆ ژمارەیەك وڵاتی ئەفریقا دەست پێ دەكات كە هەریەك لە سوودان، چاد و تونس دەگرێتەوە و تا ٢٧ ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
یاریدەدەری سەرۆكی سوودان ئاماژەی بەوەشدا كە سەردانەكەی رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ وڵاتەكەی دەچێتە چوارچێوەی پەیوەندییە ستراتیجییەکانی نێوان وڵاتەکەیان و توركیا .
ناوبراو راشیگەیاند، سوودان خاوەنی پێگەیەكی ستراتیجی و دەرامەتی گەورەیە و توركیا خاوەنی ئابوورییەكی بەهێزە و ئەمیش وا دەكات ئەم سەردانە لە چەند بوارێكدا سوودی زۆر باشی هەبێت بە تایبەتی لە بواری ئابووریدا.