Zana Natık Kerem
18 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 19 تشرینی یەکەم 2016
نەینەوا ــ AA
لە یەكەم رۆژی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ كە بەرەبەیانی دوێنێ دووشەممە دەستی پێكرد، هێزەكانی پێشمەرگە و سوپا و پۆلیسی عێراق 19 گوندیان كۆنترۆڵكردووەتەوە و 24 تیرۆریستی داعشیش كوژراون.
بەرەبەیانی دوێنێ دووشەممە، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان و سەرۆكوەزیرانی عێراق، دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵی راگەیاند كە هێزەكانی عێراق لە باشوور و پێشمەرگە لە رۆژهەڵات و باكووری مووسڵ و فڕۆكەكانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی تیایدا بەشدارن.
فەرماندەیی هێزە چەكدارەكانی هەرێمی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا بڵاوی كردووەتەوە كە لە یەكەم رۆژی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ، هێزەكانی پێشمەرگە لە میحوەری خازر رۆژهەڵاتی مووسڵ 9 گوندیان كۆنترۆڵكردووەتەوە و پانتایی 80 كیلۆمەتریش پێشڕەوییان كردووە.
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، هەر لە یەكەم رۆژی ئۆپەراسیۆنەكەدا، فڕۆكەكانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی 17 هێرشی ئاسمانیان كردووەتە سەر ئامانجەكانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش و چوار ئۆتۆمبێلی تیرۆریستانی داعشیان تێكشكاندووە.
60 دەزگای راگەیاندنی بیانی و ناوخۆیی لە میحوەركانی پێشمەرگە كە هەر سێ میحوەری باشوور و رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵاتی مووسڵە رووماڵی ئۆپەراسیۆنەكە دەكەن.
دوێنێ دووشەممە، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مسعود بارزانی سەردانی میحوەری خازری كرد و لەوێ گۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ساز كرد و رایگەیاند، لە قۆناغی یەكەمی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ، زیاتر لە 200 كیلۆمەتر چوارگۆشە لە ژێر دەستی تیرۆریستانی داعشدا دەرهێنراوە.
هێزەكانی پێشمەرگە لە میحوەری خازر لە رۆژهەڵات و میحوەری بەنداوی مووسڵ لە باكوور و میحوەری باشیك لە باكووری رۆژهەڵات و هێزەكانی عێراق لە میحوەری گەیارە لە باشوور و میحوەری گوێر لە باشووری رۆژهەڵات و میحوەری خەزەر لە باشووری رۆژئاواوە دەستیان كردووە بە ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ.
هاوكات ئەفسەر لە هێزەكانی پێشمەرگە، عەمید سۆران نووری رایگەیاند" ئەو گوندانە كە لە یەكەم رۆژی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ لە میحوەری خازر لە رۆژهەڵاتی شارەكە كۆنترۆڵكراونەتەوە بەتەواوەتی لە ژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی پێشمەرگەدان".
نووری بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دوێنێ دوای چەند كاتژمێرێک لە دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ، هێزەكانی پێشمەرگە لە میحوەری خازر گوندەکانی، بەدەنەی گەورە، بەدەنەی بچووك، شاقۆڵی، شێخ ئەمیر، تەرجەلە، بازگردان، كابەرلی، باسەخڕە"یان كۆنترۆڵ كرد كە رێگەی نێوان مووسڵ و هەولێر پێكەوە دەبەستنەوە".
سەبارەت بە زیانەكان كە لە یەكەم رۆژی ئۆپەراسیۆنەكە بە رێكخراوی تیرۆریستی داعش گەیشتووە، ئەفسەرەكە ئاماژەی بەوە كرد كە دوێنێ لە میانی شەڕ پێكدادانەكاندا، 24 تیرۆریستی داعش كوژراون و 4 ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراویش تێكشكێنراوە و دەستیش بەسەر ژمارەیەك چەك و تەقەمەنی تیرۆریستانی داعشدا گیراوە كە لە دوای خۆیان جێان هێشتبوو و لە بەرامبەردا پێشمەرگە حەوت شەهید و 24 برینداری هەبوو.
سیروان نووری دەشڵێت، زۆربەی هێڵەکانی بەرگری رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە ناوچەكانی دەشتی نەینەوا بەهۆی بۆردومانەكانی ئاسمانی تێكشكاون.
سەبارەت بە ئامارەكانی ئەو میحوەرانە كە هێزەكانی سوپا و پۆلیس لە باشوور و باشووری رۆژهەڵاتی مووسڵ بەڕێوەی دەبن، ئەفسەر لە فەرماندەیی پۆلیسی فیدراڵ، نەقیب عەلا خەتیب رایگەیاند، لە یەكەم رۆژی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی شاری مووسڵدا، هەر 10 گوندی "ئیبراهیم خەلیل، عەدلە، ئەلجییف، كانی حەرامی، گەیارەی عەباسی، مار بهنام، ئەلكەبیبە، خزر، كەنهشی بچووك لەگەڵ ناحیەی نەمروود"، لەلایەن هێزە هاوبەشەكانەوە كۆنترۆڵكراونەتەوە.
لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو خەتیب گوتی: "لە میانی كۆنترۆڵكردنەوەی ئەو گوندانە، زیانی زۆری گیانی بە تیرۆریستانی داعش لە میحوری گوێر گەیشتووە و لە بەرامبەردا هێزەكانی عێراق شەش كوژراویان هەبوو".