Hemin Hüseyin
01 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 01 مای,س 2017
هەولێر - AA
لەگەڵ کۆتایی هاتنی ئۆپەراسیۆنەکانی کۆنتڕۆڵکردنەوەی نەینەوا، ئامادەکاری بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی داعش دەکرێت بە تایبەت کۆنتڕۆڵکردنەوەی شارۆچکەی حەویجە کە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ و نیو دەبێت لە ژێر کۆنتڕۆڵی تیرۆریستانی داعش دایە. بەرپرسی میحوەری پێنج لە رۆژئاوای کەرکووک رایدەگەیەنێت کە ئەوان لە ئامادەباشیدان بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە و چاوەڕوانی فەرمانی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکان دەکەن.
بەرپرسی میحوەری پێنج لە رۆژئاوای کەرکووک، لیوا حەمەڕێگر لە چاوپێکەوتنێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئامادەیی هێزەکانی پێشمەرگەی نیشان دا بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی شارۆچکەی حەویجە و گوتی: "هێزەکانی پێشمەرگە ئامادەن بۆ ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی حەویجە و هەر کاتێک لەلایەن فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان فەرمانمان پێبکرێت، ئێمە دەتوانین لە ماوەیەکی کورتدا ئەو ناوچەیە کۆنتڕۆڵ بکەینەوە، بەڵام هێشتا کاتی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە دیاری نەکراوە".
لەو ناوچەیەدا، ٣٣٠ گوند سەربە شارۆچکەی حەویجەن و لە ژێر دەسەڵاتی داعشدان، بە گوتەی ئەو فەرماندەیەی هێزی پێشمەرگەش، رۆژانە خەڵکی سڤیل هەر کاتێک هەلیان بۆ بڕەخسێت خۆیان دەگەیەننە سنووری هێزەکانی پێشمەرگە و لەوێش بەرەو کەمپی ئاوارەکان دەیانبەن، ئەو فەرماندەیە ئاشکرایشی دەکات کە زۆرجار تیرۆریستانی داعش خۆیان دەخزێننە ناو لێشاوی ئاوارەکان و دوای لێکۆڵینەوە دەستگیریان دەکەین و گوتی: "ئاوارەکان رۆژانە دێن و کەمپیان بۆ کراوەتەوە، دوای لێکۆڵینەوە رەوانەی کەمپ دەکرێن و زۆرجاریش تیرۆریستانی داعش خۆیان خزاندووەتە ناو خەڵکی سڤیل و دوای لێکۆڵینەوە دەستگیرکراون، زۆر جاریش هاووڵاتییان هەواڵمان پێدەدەن کە کاروانی ئاوارەکان تیرۆریستانی داعشی تێدایە و دەستگیرییان دەکەین".
هەروەک ئەو فەرماندەیەی هێزەکانی پێشمەرگە ئاشکرای دەکات، تیرۆریستانی داعش وەک جاران توانای جموجۆڵیان نەماوە بەڵام ئاماژە بەوە دەکات کە هەندێک جار تەقەمەنی لەسەر رێگاکان دادەنێنەوە.
سەبارەت بە جموجۆڵ و تواناکانی داعش، لیوا حەمەڕێگر گوتی: "تیرۆریستانی داعش وەکو جاران توانایان نەماوە بەڵام جار جار جموجۆڵیان هەیە و هەندێک جار تەقەمەنی لەسەر رێگاکان دادەنێنەوە و هەندێک جاریش لە رێگای قەناسبەدەستەکانەوە رووبەڕوومان دەبنەوە".
بەرپرسی میحوەری پێنج لە رۆژئاوای کەرکووک ، لیوا حەمەڕێگر سەبارەت بە ژمارەی تیرۆریستانی داعش لە سنووری شارۆچکەی حەویجە گوتی: "بە بۆچوونی من لە سنووری شارۆچکەی حەویجە ٩٠٠ چەکداری داعش هەیە، بەڵام ئەوان لە هەموو لایەک گەمارۆدراون و توانای دەرچوونییان نییە هەر لەبەر ئەوەشە جار جار تیرۆریستان لەگەڵ کاروانی ئاوارەکان دێن و خۆیان رادەستی هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن".
ئەو فەرماندەیەی هێزەکانی پێشمەرگە ئاماژە بەوەدەکات، هەرچەندە تیرۆریستانی داعش تاکتیکی نوێ بەکار دەهێنن لە خۆتەقاندنەوە و ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو بەڵام بە هۆی ئەوەی نزیکەی سێ ساڵە هێزەکانی پێشمەرگە رووبەڕوویان دەبنەوە، ئەوا شارەزاییان لە تاکتیک و پلانەکانی داعش، پەیداکردووە.
لەبارەی رووبەری سنووری هێزەکانی پێشمەرگە لەگەڵ تیرۆریستانی داعش، لیوا حەمەڕێگر گوتی: "لە میحوەری پێنج لە رۆژئاوای کەرکووک نزیکەی ٥٠ کیلۆمەتر سنوورمان لەگەڵ تیرۆریستانی داعشدا هەیە و لە میحوەرەکانی باشووری کەرکووک و داقووق بە هەمان شێوە".
جێگەی ئاماژەیە مەودای نێوان هێزەکانی پێشمەرگە لە میحوەری پێنج لە رۆژئاوای کەرکووک و تیرۆریستانی داعش لە گوندی مەسنووڕییەی تورکماننشینی سەربە شارۆچکەی حەویجە نزیکەی دوو کیلۆمەتر دەبێت.
ئەگەرچی چەند جارێکە ئیدارەی پارێزگای کەرکووک داوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی حەویجەی کردووە، بەڵام ھێشتا لە ژێر دەسەڵاتی چەکدارانی داعشدایە و ناوەندی قەزای حەویجە نزیکەی ٥٥ کیلۆمەتر لە شاری کەرکووک دوورە و، لە باکوور و رۆژھەڵاتەوە لەلایەن ھێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە گەمارۆ دراوە و، لە باشوور و رۆژئاواشەوە لەلایەن سوپای عێراق و چەکدارانی حەشدی شەعبی گەمارۆدراوە.
قەزای حەویجە دانیشتووانەکەی نزیکەی ٤٠٠ ھەزار کەس دەبێت، بەڵام ئێستا بەشێکی زۆری ئاوارە بووە و، ھۆزە عەرەبەکانیش ھێزێکیان پێکھێناوە بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی قەزاکە. جگە لەوەش، ھێزەکانی پێشمەرگە، سوپای عێراق و حەشدی شەعبی دەیانەوێت بەشداریی ئۆپەراسیۆنی کۆتڕۆڵکردنەوەی حەویجە بکەن و تا ئێستاش رێککەوتنێک لەوبارەیەوە نەکراوە.