1 23
29 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 30 ئاب 2016
هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە ئەنقەرە، ئەمیرە ئۆرۆن سەبارەت بە پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەی و تورکیا، رایگەیاند: "چەند هەنگاوێک ماوە لە جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەنێوان هەردوو وڵاتدا. یەکێک لەوانەش دەستنیشانکردنی باڵیۆزی ئیسرائلیە لە ئەنقەرە، ئەمەش چەند هەفتەیەک دەخایەنێت".
هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئیسرائیل ئەمیرە ئۆرۆن سەبارەت بە پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و تورکیا، رایگەیاند: " چەند هەنگاوێک ماوە لە جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەنێوان هەردوو وڵاتدا. یەکێک لەوانەش دەستنیشانکردنی باڵیۆزی ئیسرائلیە لە ئەنقەرە، ئەمەش چەند هەفتەیەک دەخایەنێت".
دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو پەرلەمانی تورکیا ئەو رێککەتننامەیەی پەسەند کرد کە لە مانگی تەمووزدا لە نێوان تورکیا و ئیسرائیلدا بەمەبەستی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان واژووکرابوو، ئۆرۆن لەبارەی ئەگەری رێكکەوتننامەیەک لەبارەی گازی سرووشتییەوە وەڵامی پرسیارەکانی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی دایەوە.
ئەمیرە ئۆرۆن ئاماژەی بەوەکرد زیاتر لە ساڵێکە سەرگەرمی زەمینەسازیین و ئیتر لە ئەنجامێکی باش نزیکبوونەتەوە، گوتیشی: "هێشتا لەسەرەتای قۆناغی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانمانداین. لەو باوەڕەدام پەیوەندیی دووقۆڵی لەسەر ئاستی بایۆزخانەکانمان پەرەی باشی پێدراوە. چەند هەنگاوێک ماوە لە جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەنێوان هەردوو وڵاتدا. یەکێک لەوانەش دەستنیشانکردنی باڵیۆزی ئیسرائلیە لە ئەنقەرە، ئەمەش چەند هەفتەیەک دەخایەنێت".
ئۆرۆن تیشکی خستە سەر گرنگیی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل و پێی وایە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان سوود بە ئاسایش و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان دەگەیەنێت.
- "رەنگە ساڵی داهاتوو کۆبوونەوە و دیدارەکان لەبارەی گازی سرووشتییەوە دەستپێبکەن"
ئەمیرە ئۆرۆن باسی لە گرنگیی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە رووی ئابووریی، وزە و ئاڵوگۆڕی زانیارییەوە کرد و ئاماژەی بەوەدا دەیانەوێت لە رووی ئابوورییەوە قەبارەی بازرگانییان لەگەڵ تورکیادا زیاتر بکەن. ئاشکراشیکرد قەبارەی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات لە ساڵی ٢٠١٤دا گەیشتووەتە پێنج ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلار، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٥دا کەمبووەتەوە بۆ چوار ملیار دۆلار، لەکاتێکدا بەرزکردنەوەی ئاستی قەبارەی بازرگانیی دەکرا بگاتە هەشت ملیار دۆلار.
ئۆرۆن جەختیکردەوە لەسەر ئەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی هەماهەنگیی و هاریکارییان لەبواری وزەدا و رایگەیاند: "گازی سرووشتیی رۆڵی هەبووە لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان، بەڵام ناتوانین بڵێین بنەمای سەرەکی ئاساییکردنەوەکە بووە. پێمانوایە ئەمە رێککەوتنێکی ستراتیژییە. پێویستە بۆ پەیوەندیی دووقۆڵی نێوان هەردوو وڵات بگەڕێینەوە بۆ دۆخی بەر لە درووستبوونی گرژیی نێوانمان. سەبارەت بە رێککەوتنی ئەو دوو وڵاتە لەبارەی گازی سرووشتییەوە، پێویستە سەرەتا حکوومەتەکان رێککەوتننامە واژوو بکەن. دوای بەئەنجام گەیشتنی پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان، قسە لەسەر گازی سرووشتیی دەکرێت. بازرگانی گازی سرووشتیی لەلایەن ئیسرائیلەوە بابەتێکی گرنگ و جدییە. لەو باوەڕەداین ئەم رێککەوتننامەیە سوودی باشی دەبێت بۆ ئابووری ئیسرائیل و گەلەکەی. بازرگانی گازی سرووشتیی نێوان ئیسرائیل و تورکیادا دەبێتە هۆی هەماهەنگیی نێوان هەردوو وڵات لە بواری وزەدا. تەواو دڵنیا نیم بەڵام رەنگە ساڵی داهاتوو کۆبوونەوە و دیدارەکان لەبارەی گازی سرووشتییەوە دەستپێبکەن".
- "ئاڵوگۆری زانیاریی"
ئەمیرە ئۆرۆن ئاشکرایکرد تورکیا یەکێکە لە کارەکتەرە سەرەکییەکانی ناوچەکە، هەر بۆیە خوێندنەوە بۆ پێشهاتەکانی ناوچەکە، هەماهەنگیی و هاریکاریی نێوان تورکیا و ئیسرائیل زۆر گرنگە بۆ سەقامگیری لە هەردوو وڵات. لەبارەی هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی رێکخراوی تیرۆرستی فەتحوڵڵاچییەوە، ئۆرۆن ئاماژەی بەوەکرد هەوڵەکانی حکوومەت و گەلی تورکیا بۆ ئاساییبوونەوەی رەوشەکە بەرز دەنرخێنن. پێمان وایە رای گشتی نێودەوڵەتی پێویستە پشتیوانیی تورکیا و حوکمرانی دیموکراتیانە بکەن.
دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٠دا لەسەر رووداوی کەشتیگەلی ماڤی مەڕمەڕە بارگرژیی کەوتە نێوان ئیسرائیل و تورکیا، لە کۆتایی مانگی تەمووزدا رێککەوتننامەیەک بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان واژووکرا، لە ٢٠ی ئابدا پەرلەمانی تورکیا رێککەوتننامەکەی پەسەندکرد. ئیسرائیل بەمەبەستی قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانییانی کەشتیگەلی ماڤی مەڕمەڕە بڕی ٢٠ ملیۆن دۆلاری لە هەژمارێکی بانکیی حکوومەتی تورکیادا دانابوو.
لەماوەی دواییدا دۆخی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان باش بەڕێوەدەچێت و ئەمەش ئەگەری رێککەوتننامەی گازی سرووشتیی، بۆ ئەوەی لەرێی تورکیاوە گازی سرووشتی ئیسرائیل بگاتە بازاڕە جیهانییەکان، زیاتر کردووە. ناوچەکانی لەڤیئاتهان و تامار دەوڵەمەندترین ناوچەی گازی سرووشتیی ئسرائیلن کە پێشبینی دەکرێت ٨٠٠ ملیار مەتر چوارگۆشە گازی سرووشتیی تێدابێت.