Zana Natık Kerem
29 مای,س 2018•نوێکردنەوە: 30 مای,س 2018
قودس ــ AA
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند کە فەڵەستینییەکان لە کەرتی غەززەوە، ٢٧ گوللـە ھاوەنیان ئاراستەی ژمارەیەک ناوچەی ئیسرائیل کردووە.
لە بەیاننامەیەکدا، سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەداوە کە فەڵەستینییەکان لە غەززەوە، ٢٧ گوللـە ھاوەنیان ئاراستەی ژمارەیەک ناوچەی ئیسرائیل کردووە کە دووانیان ئاراستەی ئەنجوومەنی ھەرێمیی "ئەشکۆل" کراوە.
سوپای ئیسرائیل راشیگەیاندووە کە زۆربەی ئەو گوللـە ھاوەنانە لە لایەن سیستەمی بەرگریی ئیسرائیلەوە، تێکشکێنراون.
پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لە کەرتی غەززە رایگەیاند کە دەنگی زنجیرەیەک تەقینەوەی بەھێز لە ژمارەیەک ناوچەی کەرتی غەززە دەبیسترێت بەڵام ھێشتا سەرچاوەی تەقینەوەکان نەزانراوە.
ھاوکات سەرچاوە فەڵەستینییەکان ئاماژەیان بەوەداوە کە لە وانەیە سەرچاوەی تەقینەوەکان، ئەو مووشەکانە بێت کە لە لایەن سیستەمی بەرگریی ئیسرائیل بۆ تێکشکاندنی مووشەک ئاراستەکراوە.
تا ئێستا ھیچ لایەنێکی فەڵەستینی بەرپرسیاریەتی خۆی لە ئاراستەکردنی گوللـە ھاوەنەکان رانەگەیاندووە.
راگەیەنراوە کە بە ھۆی ئاراستەکردنی گوللـە ھاوەنەکان، زیان بەر ژمارەیەک ئۆتۆمبێل و باڵەخانە لە شاری سەدیرۆت باشووری ئیسرائیل کەوتووە.
ئەم پێشھاتانە دوای ئەوە دێت کە لە دوو رۆژی رابردوودا، بە ھۆی بۆردومانیکردنی خاڵێکی فەڵەستینی لە لایەن ئیسرائیلەوە، چوار فەڵەستینی کوژران و یەکێکی دیکەش بریندار بوو کە سەربە ھەردوو بزووتنەوەی حەماس و جیھادی ئیسلامی بوون.