Zeynep Tüfekçi Gülay
03 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 03 تەمووز 2023
جەنین - AA
لە ئاکامی پەلاماری ئاسمانیی و هێرشی هێزهكانی ئیسرائیلدا بۆ سەر شاری جەنین لە کەناری رۆژئاوای داگیرکراو ههشت كهس و بهكۆی، نۆ کەس کوژران و ٥٠ی دیکەش برینداربوون.
وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە ئاکامی هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل و ههڵكوتانه سەر شاری جەنین، ههشت هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و هاووڵاتییەکی دیکەش لە ئەنجامی تەقەی سەربازانی ئیسرائیل لە شاری ئەلبیرە گیانی لەدەستداوە.
لە ئەنجامی هێرشهكانی ئیسرائیل بۆ سەر جەنین، ٥٠ هاووڵاتی فەڵەستینی برینداربوون کە برینی ١٠یان سەختە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتوون، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل، بە لانیكهم سێ مووشەک خانوویەکی فەڵەستینییەکانیان لە شاری جەنین کردووەتە ئامانج.
لە دوای هێرشە ئاسمانییەکە، سوپای ئیسرائیل به هاوهڵی ژمارهیهكی زۆر له ئۆتۆمبێڵی زرێپۆش و ئامێری كاركردن هەڵیکوتاوەتە سەر شاری جەنین و گەمارۆی خستووەتە سەر کەمپی پەنابەرانی جەنین.
بەگوێرەی گوتەی شایهتحاڵان، هێزەکانی ئیسرائیل لە میانی هەڵکوتانە سەر شارەکە، گەمارۆی خانووی خێزانی زەکەریا زوبەیدی-یان داوە کە یەکێکە لە فەرماندەکانی لیوای شەهیدانی ئەقسا سەربە بزووتنەوەی فەتح.
شایهتحاڵان باسیان لەوە کرد فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل، بۆ ماوەیەک بۆردومانی کەمپی پەنابەرانی جەنین-یان کردووە و سوپای ئیسرائیلیش هێزی زیاتری رەوانەی ناوچەکە کردووە.
ئاماژەی بەوەش دراوە سەربازانی ئیسرائیل لە میانی هەڵکوتانە سەر کەمپی پەنابەرانی جەنین، گەمارۆی چەند خانوویەکیان داوە و رێگرییان لە ئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتن کردووە بریندارەکان بگهیهننه نەخۆشخانە.
هەروەها ئامێرەکانی سەربە سوپای ئیسرائیل رێگاکانی ناوچەکەیان تێکداوە و ژمارەیەکی زۆر له ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییانی ناوچەکەیان تێکشکاندووە.
فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بەچڕی بەسەر ئاسمانی كهمپی جهنیندا سووڕاونەتەوە كه دەروازەی چوونە ژوورەوە و هاتنەدەرەوەی داخراوه.
- له ئەلبیرە فیشهك به سهری هاووڵاتییهكی فهڵهستینییهوه نراوه و كوژراوه
وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین هەروەها لە راگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە هاووڵاتییەکی فەڵەستینی لە ئەنجامی تەقەی سەربازانی ئیسرائیل، كه بهر سهری كهوتووه، لە شاری ئەلبیرە گیانی لەدەستداوە.
- سوپای ئیسرائیل: هێرشی ئاسمانییمان كردووهته سهر زیاتر له ١٠ خاڵ له جهنین
لە لایەکی دیکەوە، سوپای ئیسرائیل راگهیهندراوێكی سەبارەت بە هێرشی سەر شاری جەنین بڵاوکردەوە.
لە راگهیهندراوهكهدا باس لەوە کراوە، هێرشی ئاسمانیی کراوەتە سەر زیاتر لە ١٠ خاڵی شارەکە، لەنێویشیاندا ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی گرووپە بەرگرییکارەکانی فەڵەستین بەناوی لیوای جەنین کراوەتە ئامانج.
- له جهنین سهربازێكی ئیسرائیلی برینداربوو و ٢٠ فهڵهستینی دهستگیركران
هاوکات لە راگهیهندراوهكهدا باس لەوە کراوە لە ئاکامی تەقینەوەی بۆمبێکی دەستیدا سەربازێکی ئیسرائیلی بە سووکی برینداربووە.
بەپێی هەواڵێکی رادیۆی سوپای ئیسرائیل، هێزەکانی ئەو وڵاتە لە چوارچێوەی هەڵکوتانە سەر شارەکەدا زیاتر لە ٢٠ هاووڵاتییان دەستگیرکردووە.
- حهماس جهخت له "جهنگی بهرگریی" دهكاتهوه
لە کاردانەوەی ئەو پەلامارەی ئیسرائیلدا، لیواکانی عیزەددین قەسام کە باڵی سەربازیی حەماسە راگەیەندراوێکی بڵاوكردهوه كه تیایدا هاتووه: "بەیەکەوە شان بە شان دەچینە جەنگی بەرگریی لە کەمپی پەنابەرانی جەنین".
لە سەری ساڵەوە تا ئێستا لە ئەنجامی هێرش و پەلاماری ئیسرائیل بۆ سەر کەناری رۆژئاوا و كهرتی غهززه، ١٨٩ هاووڵاتی فەڵەستینی گیانیان لەدەستداوە.