Heman Hussein Yaseen
26 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 27 کانوونی یەکەم 2021
ھەولێر - AA
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٩٩ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بوون و پێنج حاڵەتی گیانلەدەستدانیش بەھۆی ڤایرۆسەکەوە تۆمارکراوە.
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماری پەیوەست بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێی بڵاوکردووەتەوە و ئەوەی خستووەتەڕوو کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا لە ئەنجامی سێ ھەزار و ٩٧٦ پشکنین، دەرەنجام ٩٩ حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراوە، بەمشێوەیە:
٥٠ حاڵەت لە سلێمانی، ٣٢ حاڵەت لە هەولێر، ١٣ حاڵەت لە دهۆک و لە گەرمیان-یش چوار حاڵەت.
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان ئاشکرایشی کردووە کە ھەر لەو ماوەیەدا، پێنج حاڵەتی گیانلەدەستدان بەھۆی ڤایرۆسەکە تۆمارکراوە بەجۆرێک سێ حاڵەت لە سلێمانی، یەک حاڵەت لە پارێزگای هەولێر، یەک حاڵەتیش لە گەرمیان بووە.
ئاماژەی بەوەیش داوە کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ١٦٢ کەس لە ڤایرۆسەکە چاکبوونەوەتەوە.
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە کە تێکڕای حاڵەتەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەوە تا ئێستا گەیشتووەتە ٣٨٠ ھەزار و ٢٧٥ حاڵەت، لەو ژمارەیەش حەفت ھەزار و ٩٣ کەس گیانیان لەدەستداوە.