Sarmand Hameed
21 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 22 ئادار 2021
ھەولێر - AA
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٤٥١ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) بوون، حەوت تووشبوو گیانیان لەدەستداوە و ١٦٢ کەسیش لە ڤایرۆسەکە چاکبوونەتەوە.
وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماری پەیوەست بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێی بڵاوکردووەتەوە و ئەوەی خستووەتەڕوو، لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا لە ئەنجامی پێنج ھەزار و ٦٣٠ پشکنین، ٤٥١ حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراون، بەمشێوەیە: لە ھەولێر ١٧٢ حاڵەت، سلێمانی ١٤٩ حاڵەت، دھۆک ١١٩ حاڵەت، ئیدارەی گەرمیان نۆ حاڵەت و ھەڵەبجە دوو حاڵەت.
وەزارەتی تەندروستی ئاشکراشیکردووە، کە ھەر لەو ماوەیەدا حەوت حاڵەتی گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسەکە تۆمارکراوە کە سێ حاڵەت لە پارێزگای دھۆک، دوو حاڵەت لە پارێزگای سلێمانی، یەک حاڵەت لە پارێزگای ھەولێر و حاڵەتەکەی دیکە لە ئیدارەی گەرمیان بووە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەیدا، وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەداوە کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ١٦٢ کەس لە ڤایرۆسەکە چاکبوونەوەتەوە بەم شێوەیە: سلێمانی ٦٥ کەس، ھەولێر ٥٤ کەس، دھۆک ٤١ کەس و لە ھەڵەبجە دوو کەس.
ھەروەھا رایگەیاندووە، ژمارەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەوە تا ئێستا گەیشتووەتە ١١٥ ھەزار و ٦٦١ حاڵەت کە لەو ژمارەیە سێ ھەزار و ٥٩٨ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٠٦ ھەزار و ٨٣٩ تووشبووی ڤایرۆسەکە دوای چارەسەری پزیشکیی چاکبوونەتەوە و لەئێستادا، پێنج ھەزار و ٢٢٤ تووشبوو لەژێر چارەسەری پزیشکییدان.
ئەوەش خراوەتەوە روو کە لە سەرەتای سەرھەڵدانی ڤایرۆسەکەوە تاوەکو ئێستا یەک ملیۆن و ٣١٩ ھەزار و ٥١١ پشکنین ئەنجامدراوە.