Rewa Mahmood Hasan
21 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 27 ئادار 2021
سلێمانی-AA
نیوەڕۆی ئەمڕۆ، دوو گەنج کە بەمەستی سەیران و گەشتی بەهارە روویان کردبوویە سەیرانگای قەشقۆلی و دوای ئەوەی خۆیان هەڵدەدەنە ئاوی زێی بچووکەوە بەمەبەستی مەلەکردن، ژێر ئاوکەوتن.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی ئانادۆڵو، دوو گەنجەکە بەهۆی ئەوەی باش مەلەیان نەزانیوە ژێرئاوکەوتوون و تیمەکانی مەلەوانی دەستبەجێ چوون بەهانایانەوە و گەنجێکیان رزگارکردووە و ئەوەی تریان نوقم بووە.
تا ئێستا تەرمی گەنجە خنکاوەکە نەدۆزراوەتەوە و هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی بەردەوامی هەیە.
قایمقامی قەزای دووکان، سیروان سەرحەد لە لێدوانێکدا بۆ ئاژنسی ئانادۆڵو هەواڵەکەی پشتراستکردەوە و رایگەیاند، دووگەنجەکە دانیشتووی گەڕەکی راپەرینی شاری سلێمانی-ن و بەئەسڵ خەڵکی هەڵەبجەن.
سیروان سەرحەد گوتی: "تیمەکانی مەلەوانی دووکان دەستبەجێ چوون بەهانای ئەو دوو گەنجەوە و یەکێکیان رزگارکراوە و ئەوەی تریان بەناوی عەبدوڵڵا عەبدولخالق لەدایکبووی ١٩٩٨ە و خنکاوە، تا ئێستا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە و فەرمانمان دەرکرد بۆ گرتنەوەی ئاوی بەنداوەکە بۆ ئەوەی ئاستی ئاوەکە دابەزێت و بتوانرێت تەرمەکە بەزوویی بدۆزرێتەوە".