Heman Hussein Yaseen
21 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 25 ئادار 2021
ههولێر - AA
لە یەکەم رۆژی نەورۆزدا، ھاووڵاتییان روویان لە دەرەوەی شار و سەیرانگاکان کرد.
پارساڵ بەھۆی راگەیاندنی قەدەغەی ھاتوچۆ نەورۆز نەکرا و ئەمساڵیش سەرەڕای بوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵام رێگا بە ھاووڵاتییان درا کە روو لە دەشت و دەر بکەن و ژمارهیهكی زۆریش له هاووڵاتییان روویان سەیرانگەکانی خۆرههڵاتی شاری ههولێر كرد.
بەشێک لەوانەی بەشداری نەورۆزیان کردووە ئەو ھاووڵاتییانەن کە بەھۆی شەڕ و دۆخی ناوچەکەیان ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بوون و ماوەی چەند ساڵێکە لە شارەکانی ھەرێمی کوردستان ژیان بەسەر دەبەن.
کێوان سەعید ھاووڵاتییەکی ھەرێمی کوردستانە کە وێرای دەبڕینی پیرۆزبایی بۆ نەورۆز، ئاماژە بەوە دەکات کە بەھۆی ئەوەی پارساڵ بەھۆی دۆخی تەندروستییەوە نەورۆز نەکرا، بۆیە ئەمساڵ خەڵکێکی زۆر بەشداری ئەم رۆژەی کردووە و بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''پیرۆزبایی ئەم جەژنە لە ھەموو ھاووڵاتییان دەکەم و ھیوادارم لەم جەژنەدا کۆتایی بە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا بێت و پار ساڵ نەمانتوانی بەشداری جەژنەکە بکەین و بەمھۆیەوەش ئەمساڵ قەرەباڵغییەکی زۆر دروست بووە و خەڵک بە پەرۆشەوە بەشداری جەژنی نەورۆز دەکەن''.
یونس رەزا ھاووڵاتییەکی ئاوارەیە و خەڵکی مووسڵە، بەھۆی شەڕ و پەلامارەکانی داعش ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بووە و لە شاری ھەولێر نیشتەجێییە و ئەمڕۆ لەگەڵ خێزانەکەی بەشداری لە نەورۆز کردووە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''جەژنی نەورۆز لە ھەموو لایەک پیرۆز دەکەم، ھیوادارم ئەم جەژنە ببێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان و عێراق بەگشتی''.
عەدنان عارف پەنابەرێکی سووریا و ماوەی چەند ساڵێکە بەھۆی دۆخی سووریا ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بووە و لە ھەولێر نیشتەجێ بووە، ئەو ھیوای خواست ساڵی ئایندە لە وڵاتی خۆی نەورۆز بکات و بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''من ماوەی نۆ ساڵە بەھۆی دۆخی وڵاتەکەم ھاتوومەتە ھەرێمی کوردستان، ھیوادارم ئەم جەژنە ببێتە خۆشی بۆ ھەموو دونیا و ژیانێکی خۆش بۆ ھاووڵاتییان و ژیانێکی دوور لە شەڕ بەسەر ببەین''.
ساڵانە لە ٢١ی ئاداردا لەگەڵ ھاتنی یەکەم رۆژی وەرزی بەھار و تەواوبوونی سەرما و سۆڵەی زستان، گەلی کورد و ژمارەیەک لە گەلانی دیکەی رۆژهەڵاتی ئاسیا یادی نەورۆز دەکەنەوە و ئێوارەی پێش رۆژی نەورۆز لەسەر لووتکەی چیا و شوێنە بەرزەکان، مەشخەڵی ئاگردەکرێتەوە و لە هەرێمی کوردستانیش رۆژی نەورۆز خەڵک دەستە دەستە بە پۆشینی جلوبەرگی کوردی دەچنە دەشت و دەر و سێ رۆژ بە دەربڕینی کەیف و خۆشی بەسەر دەبەن.