02 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 02 ئادار 2020
ئەنقەرە/ ئەبوجە/ مۆسکۆ - AA
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی "RİA" هاووڵاتییەکی رووسی کە لە مانگی شوباتدا سەردانی ئیتاڵیای کردووە و دواتر گەڕاوەتەوە رووسیا، دوای پشکنین دەرکەوتووە هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنایە.
دواتر ئەندامانی خێزانەکەی و ئەو کەسانەیشی لە گەشتەکەی ئیتاڵیادا لەگەڵی بوون خراونەتە کەرەنتینەوە.
پێشتریش یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی رووسیا، تاتیانا گۆلیکۆڤا ئاشکرای کردبوو کە دوو هاووڵاتیی بەڕەچەڵەک چینی لە باشووری سیبریا تووشی کۆرۆنا بوون.
رووسیا بۆ بەرگرتن لە تەشەنەسەندنی ڤایرۆسەکە گەشتە ئاسمانییەکانی لەگەڵ کۆریای باشوور وەستاندوە و پێدانی ڤیزەشی بە هاووڵاتیانی ئێرانی سنووردار کردووە.
لە کۆریای باشووریش بەشێوەیەکی خێرا ڤایرۆسەکە بڵاودەبێتەوە و تا ئێستا ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسەکە لەو وڵاتە چوار هەزاری تێپەڕاندوە.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دامەزرێنەری کڵێسای شینچیۆنجی لەبەردەم کەناڵەکانی راگەیاندندا بۆ هاونیشتمانیانی چەمایەوە و داوای لێبووردنی لە گەلەکەی کرد، ئەمەش دوای ئەوە هات کە دەرکەوت نزیکەی سەدا ٦٠ی ئەو کەسانەی لە کۆریای باشوور دووچاری ڤایرۆسەکە بوون، ئەندامی ئەم کڵێسەیەن.
لە لایەکی دیکەشەوە و لە وڵاتی نێجیریا دەرکەوت هاووڵاتییەکی ئیتاڵی دووچاری ڤایرۆسەکە بووە، بەمهۆیەوە ٣٩ کەس کە لەگەڵ توشبووەکە بەریەککەوتنییان هەبووە، خراونەتە کەرەنتینەوە و هاووڵاتییە ئیتاڵییەکەش لە ماڵەکەی خۆیدا خراوەتە ژێر چاودێرییەوە.