Fuat Kabakcı
02 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 03 ئادار 2020
پەکین - AA
٢٤ کەسی دیکە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە چین گیانیان لەدەستداو، بەوەش ژمارەی ئەو کەسانەی کە بەهۆی ڤایرۆسەکەوە لەسەرتاسەری ئەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە بەرزبووەتەوە بۆ دوو هەزار و ٩١٤ کەس.
لەوبارەوە لیژنەی تهندروستی حکوومەتی چین راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە کە لەمیانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٢٤ کەسی دیکە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە ویلایهتی هوبای رۆژهەڵاتی چین گیانیان لەدەستداوە، هەروەها ٢٠٢ کەسی دیکەش تووشی ڤایرۆسەکە بوون کە ١٩٦یان دانیشتوی ئەو ویلایهتەن.
بەوەیش ژمارەی ئەو کەسانەی کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لەسەرتاسەری چین گیانیان لەدەستداوە بەرزبووەتەوە بۆ دوو هەزار و ٩١٤ کەس و ژمارهی تووشبوانیش گەیشتووەتە، ٨٠ هەزار و ٢٤ کەس.
بەپێی راگەیەندراوەکە، ژمارەی ئەو کەسانەی کە گومانی تووشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لێ دەکرێت، گەیشتووەتەوە ٧١٥ کەس.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو، ژمارەی ئەو کەسانەی کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە چین خراونەتە ژێر چاودێری تەندروستییەوە کەمبووەتەوە و گەیشتووەتەوە، ٤٦ هەزار و ٢١٩ کەس، هاوکات ژمارەی ئەو کەسانەش کە بەتەواوی لە ڤایرۆسەکە چاکبوونەتەوە زیادی کردووە و گەیشتووەتە، ٤٤ هەزار و ٤٦٢ کەس.
له ١٢ی كانوونی یهكهمی ٢٠١٩دا له شاری وهان سهربه ویلایهتی هوبای رۆژهەڵاتی چین جۆرێكی نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا دۆزرایهوه و بهخێرایی بۆ شارهكانی دیكهی چین تهشهنهی كرد، زۆربهی وڵاتانیش هاووڵاتییەکانیان له چین گواستهوه و رێكخراوی تهندروستی جیهانیش دۆخی لهناكاوی راگهیاند.