Hawkar Yaseen
03 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 04 ئەیلوول 2020
هەولێر AA
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاماری ٢٤ کاتژمێری رابردووی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19)ی بڵاوکردەوە و بەپێی راگەیەندراوەکە ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە، ٣٠ هەزار و ٥٣٥ کەس.
لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردووشدا، ٦٠٩ تووشبووی نوێ تۆمارکراون کە زۆرترین ژمارەیان لە هەولێرە و ٢٦٧ کەسن و لە دهۆک ٢٠٤ تووشبوو و سلێمانی ٨٩ تووشبوو و هەڵەبجە ٢٨ تووشبوو و لە گەرمیان ٢١ تووشبوو.
هەر بەپێی راگەیەندراوەکە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٤٠٩ تووشبووی کۆرۆنا چاکبوونەتەوە، ٢٢٨ کەسیان لە هەولێر و ١٠٣ چاکبوو لە دهۆک و ٢٧ لە سلێمانی و ٢٩ لە گەرمیان و ٢٢ چاکبووش لە هەڵەبجە بوون.
بەپێی ئامارەکەی وەزارەتی تەندروستیی لە هەرێمی کوردستان ٢٣ کەسی دیکە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە، نۆ کەسیان لە هەولێر هەشت کەس لە دهۆک چوار کەس لە سلێمانی و یەک کەس لە گەرمیان و کەسێکیش لە راپەڕین.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، تا ئێستا لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا، ٣٠ هەزار و ٥٣٥ تووشبووی کۆرۆنا تۆمارکراوە و لەو ژمارەیە ١٩ هەزار و ٣٧٨ کەسیان چاکبوونەتەوە و ١٠ هەزار و نۆ کەسیش هێشتا لەژێر وەرگرتنی چارەسەردان.
لە سەرانسەری هەرێمی کوردستانیش تا ئێستا، هەزار و ١٤٨ کەس بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە.