Hawkar Yaseen
03 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 03 ئەیلوول 2020
هەولێر AA
ئەمڕۆ لە مەراسیمێکدا لە بارەگای گشتی پۆلیسی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆ، رێبەر ئەحمەد ئاڵوگۆڕی پۆستی بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی هەرێمی کوردستان کرا لەنێوان لیوا بەختیار قادر بابان و لیوا تارق ئەحمەد.
بەڕێوەبەری گشتی نوێی پۆلیسی هەرێمی کوردستان، لیوا تاریق ئەحمەد دوای دەستبەکاربوونی لە وتەیەکدا بۆ میدیاکان گوتی: "ئەو ئارامی و ئاسایشەی ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، بەرهەمی هەماهەنگی سەرجەم دەزگا ئەمنییەکان، پێشمەرگە و خەڵکی شەرەفمەندی کوردستانە، هیوادارم ئەو ئارامی و ئاسایشە بەدەوام بێت و بیپاێزین".
لیوا تاریق ئەحمەد گوتیشی: "داوادەکەین هەموو لایەک پشتیوانی دەزگا ئەمنییەکان بکەن، وەک چۆن لە بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمدا هاتووە کە گرنگییەکی زۆر بە دەزگا ئەمنییەکان دەدرێت".
بەڕێوەبەری گشتی نوێی پۆلیسی هەرێمی کوردستان هەروەها گوتی: "پەیمان دەدەم شەو و رۆژ بە دڵسۆزی کار بکەم، بە هاوکاری لەگەڵ سەرجەم ئەفسەرانی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە و بەڕێوەبەرایەتی و دەزگاکانی دیکەی ئەمنی بۆ سەقامگیری ئارامی و پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان".