Hawkar Yaseen
02 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 07 کانوونی یەکەم 2020
هەولێر - AA
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاماری ٢٤ کاتژمێری رابردووی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19)ی بڵاوکردەوە.
بەپێی ئامارەکەی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لەمیانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا لە هەرێمی کوردستان، ٣٣١ تووشبووی نوێی کۆرۆنا تۆمارکراوە کە زۆرترین ژمارەیان لە دهۆک بووە بە ١٣٣ تووشبوو، ٩٢ لە هەولێر، ٧٩ لە سلێمانی، ٢٣ لە گەرمیان و لە پارێزگای هەڵەبجەیش چوار تووشبوو تۆمارکراوە.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٣٣٨ کەس چاکبوونەتەوە، زۆرترین ژمارەیان لە دهۆک بووە بە ١٦٠ کەس، ١١٩ کەس لە هەولێر، ١٣ کەس لە سلێمانی، ٣٩ کەس لە گەرمیان و لە هەڵەبجەش حەوت کەس چاکبوونەتەوە.
بەپێی ئامارەکەی وەزارەتی تەندروستی لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ١٧ کەسی دیکە لە هەرێمی کوردستان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە، سێ کەس لە دهۆک، چوار کەس لە سلێمانی، پێنج کەس لە هەولێر، دوو کەس لە گەرمیان، یەک کەس لە هەڵەبجە و دوو کەسیش لە راپەڕین.
بەپێی ئاماری گشتی وەزارەتی تەندروستی تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان ٨٢٤ هەزار و ٣١٩ پشکنینی کۆرۆنا ئەنجامدراوە و تاوەکو ئێستا ٩٧ هەزار و ٣٣٦ کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون.
لەو ژمارەیەش تا ئێستا، ٦١ هەزار و ٢٦ کەسیان چاکبوونەتەوە و ٣٣ هەزار و ١٢٤ کەسیش ماون لەژێر وەرگرتنی چارەسەردان.
تا ئێستاش لە هەرێمی کوردستان سێ هەزار و ١٨٦ کەس بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.