Hemin Hüseyin
17 تشرینی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 17 تشرینی یەکەم 2018
هەولێر - AA
دوێنێ سێشەممە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی بەنووسراوی ژمارە ٥٣٠٢ چەند بڕیارێکی دەرکرد کە لە پێنج خاڵ خۆی دەبینێتەوە بۆ ئەوەی سەرجەم ئەو کۆمپانیایانەی کڕین و فرۆشتن بە دەرمان دەکەن، دووبارە مۆڵەت لە وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەربگرنەوە. ئاماژەش بەوەکراوە هەر کەس و لایەنێک بە قاچاخ مامەڵە بە دەرمانەوە بکات رووبەرووی دادگا دەبێتەوە و سزا دەدرێت.
لەخاڵی یەکەمی بڕیارەکەدا هاتووە: "پێویستە لەسەر تۆماری کۆمپانیاکان لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان، کۆتایی پێبهێنێت بەو کۆمپانیایانەی لەبواری 'دەرمان و پێداویستی پزیشکی و پێداویستی تاقیگەیی و ماددەی کیمایی و بەکتریۆلۆژییەکان و ماددەکانی تایبەت بە بواری پزیشکی ددان ئامێری پزیشکی و ئامێرەکانی خزمەتگوزاری پزیشکی و ماددە کارا و ناکاراکان و ماددەکانی پێچانەوەکە لە پیشەسازی و بەرهەمهێنانی دەرماندا بەکاردێن و دەرمانی گیایی و تەواوکەری خۆراک' کە یەکێکە لە هۆکارەکانی کۆتایی پێهێنانی کۆمپانیای هاتوو لە یاسای ئاماژەپێدراو تیایاندا هاتووەتەدی".
لە بەشێکی بڕیارەکەدا ھاتووە: "ھەر کەسێک مۆڵەتی تەندروستی نوێ نەکاتەوە، مافی پێدانی مۆڵەتی لێدەسەندرێتەوە، ھەر پزیشک و لایەنێک پێش ئەم بڕیارە رێککەوتنیان بۆ ساخکردنەوەی دەرمان واژۆکردووە، دەبێت ھەڵبوەشێندرێتەوە".
لە بڕیارەکاندا ئاماژە بەوەکراوە کە داواکاریی گشتیی چاودێری جێبەجێکردنی بڕگەکانی بڕیارەکە دەکات و ھەر رێککەوتنێک بەھەر شێواز و لەژێر ھەر پاساوێکدا بێت لەنێوان پزیشک و دەرمانساز و مەندوبی کۆمپانیاکانی بواری دەرمان و پێداویستی پزیشکیی قەدەغەدەکرێت.
لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکەدا هاتووە: "پزیشکی ددان لە کاتی نووسینی راچێتەی پزیشکی دەرمان بۆ نەخۆش تەنیا ناوی زانستی بنووسن و، نابێت لەژێر ھەر بیانوو و پاساوێکدا ئاماژە بە ناوی بازرگانی کۆمپانیاکان بکرێت".
لە کۆتاییدا، ئاماژە بەوەکراوە کە ھەر کەسێک بەرھەمە پزیشکییەکان، یان کەرەستە کیمیاییەکان ساختە، کۆپی (تقلید) بکات و، کڕین و فرۆشتنی پێوە ئەنجام بدات یان دروستیان بکات، بەپێی یاسای سزاکانی ژمارە ١١١ـی ١٩٦٩ سزادەدرێت.