Rewa Mahmood Hasan
27 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 27 ئاب 2020
سلێمانی-AA
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی، سەباح نەسرەددین رایگەیاند ھەر کۆگا و دەرمانخانە و کۆمپانیایەکی بواری دەرمان پابەند نەبێت بە مەرج و رێنماییەکان بەپێی یاسا رووبەڕووی رێکاری توند دەکرێتەوە، کۆمپانیاکانی بواری دەرمانیش لە سلێمانی داوا دەکەن کوالیتی کۆنترۆڵی ھەرێم کارئاسانی پێویستییان بۆ بکەن و لە ماوەیەکی کەمدا وەڵامی پشکنینەکان بدەنەوە.
ئەمڕۆ لە دیوانی قایمقامیەتی سلێمانی بەسەرپەرشتی قایمقامی سلێمانی، ئاوات محەمەد و بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی، سەباح نەسرەددین کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان لەگەڵ کۆگا و کۆمپانیاکانی بواری دەرمان، دەربارەی پڕۆسەی ھێنان و ساغکردنەوەی دەرمان لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا گرفت و کێشەکانی بواری دەرمان تاوتوێ کران و جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە لە دەروازە سنوورییەکان پشکنینی دەرمان توندتر بکرێت و تەنها رێگە بە ھاوردەکردنی ئەو دەرمانانە بدرێت کە بە مەرج و رێنماییەکانی کوالیتی کۆنترۆڵدا تێپەڕ دەبن، بەھەموو شێوەیەکیش رێگری لە ھاتنەناوەوەی قاچاغی ھەموو جۆرە دەرمانێک بکرێت و ھەر دەرمانێک لە دەرمانخانەکان ببینرێت کە مۆڵەتی رێگەپێدانی نەبێت رێکاری یاسایی بەرامبەر خاوەنەکەی بگیرێتەبەر، مەرجە ھەموو دەرمانێک کە لە سنوورەکانەوە دەھێنرێتە ناوەوەی ھەرێمی کوردستان لە کۆگاکان تا ئەو کاتەی دەگاتە دەرمانخانەکان بە ئۆتۆمبێلی ساردکەرەوە «بەراد» بگوازرێتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کۆمپانیاکانی دەرمان لە سلێمانی ئاماژەیان بەو گرفت و بەربەستانە کرد کە لە ھێنان و مۆڵەتپێدانی دەرمان لەلایەن کوالیتی کۆنترۆڵی ھەرێم دێتە بەردەم کارەکانیان، داواشیان کرد لەم رووەوە کارئاسانی پێویستییان بۆ بکرێت بۆئەوەی بتوانن بەبێ گرفت پێداویستی دەرمان لە پارێزگای سلێمانی دابین بکەن.
لە راگەیەندراوێکدا کە قایمقامیەتی قەزای سلێمانی بڵاوی کردووەتەوە ئاماژە بەوە کراوە کە لە کۆبوونەوەکەدا، قایمقامی سلێمانی رایگەیاندووە ''مامەڵەکردن لەگەڵ دەرمان پرسێکی نیشتمانییە و پەیوەندیدارە بە ژیان و تەندروستیی ھاووڵاتییان و ھەر سەرپێچی و پابەند نەبوونێک زیانی گەورەی بۆسەر تەندروستی گشتیی دەبێت لەسەر ئەم بنەماییە رێگری لە ھەموو کارێکی نایاسایی دەکرێت کە زیان بە تەندروستیی ھاووڵاتییان بگەیەنێت و لە چوارچێوەی رێکارەکان ھەموو کارئاسانییەک بۆ کۆمپانیاکانی بواری دەرمان دەکرێت و پێویستە کوالیتی کۆنترۆڵی ھەرێم بە ئەرکی خۆی ھەڵسێت و لە چوارچێوەی رێنماییەکان وەک یەک کارئاسانی بۆ کۆمپانیاکانی بواری دەرمان بکات".
راشیگەیاندووە "ئەو نموونانەی کە بۆ پشکنین وەردەگیرێن پێویستە لە ماوەیەکی کەمدا وەڵام بدرێنەوە چونکە ھەندێک جار دوای ماوەیەکی زۆر وەڵام دەدرێنەوە ئەمە گرفتی گەورەی بۆ کۆمپانیاکانی بواری دەرمان دروست کردووە رەنگە بەشێک لەو دەرمانانە مێژووی بەسەرچوونیان نزیک ببێتەوە".
لەلایەن خۆیەوە بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی، سەباح نەسرەددین رایگەیاند کە بەوردی کار لەسەر ئەم کەیسە دەکەن و لە ھەوڵی چارەسەرکردنی ھەموو گرفت و کێشەکانی بواری دەرمانن لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی.
راشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردراوە کە رێکارەکان بەردەوام بن و لە داھاتوویەکی نزیکیشدا لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی کۆبوونەوەیەکی باڵا بکرێت بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشە و گرفتەکانی بواری دەرمان.