Adam Abu-bashal
21 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 21 تشرینی یەکەم 2020
ئابوجا- AA
لە ویلایەتی جیگاوە باکووری نێجیریا، پەتای مەلاریا لە وەرزی بارانباریندا زیادیکردووە و بەو هۆیەوە لە میانی چوار مانگدا، ١٢١ منداڵ گیانیان لەدەستداوە.
بەڕێوبەری نەخۆشخانەی دوتسە، عەباس یاو لە لێدوانێکی بۆ میدیای وڵاتەکەی ئەوەی ئاشکرا کرد لە مانگی حوزەیران تا مانگی ئەیلوول لە ناوچەی دوتسە سەربە ویلایەتی جیگاوە، ١٥ هەزار و ٧٥٤ حاڵەتی تووشبوون بە مەلاریا تۆمارکراوە و لەو ژمارەیەش هەشت هەزار و ١٠٢یان منداڵ بوون.
عەباس یاعو باسی لەوەش کرد کە لەو ماوەیەدا، ١٢١ منداڵی خوار تەمەن پێنج ساڵ بەهۆی مەلاریا گیانیان لەدەستداوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا کە کۆئەندامی بەرگریی منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵ وەک پێویست بەرامبەر میکرۆب و بەکتریاکان بەهێز نییە و بەوهۆیەوە ئەگەری گیانلەدەستدانیان بە مەلاریا زیاترە.
لە نێجیریا و لە وەرزی باران باریندا بەهۆی کۆبوونەوەی ئاو، ژمارەیەکی زۆر جۆری مێشوولە بڵاودەبنەوە و دەبنە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی پەتای مەلاریا.
بەگوێرەی راپۆرتی ساڵی رابردووی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە بارەی نەخۆشی مەلاریا لە ساڵی ٢٠١٨دا، ٢٢٨ ملیۆن حاڵەتی تووشبوون بە مەلاریا تۆمار کراوە و ٤٠٥ هەزار کەسیش بەهۆی مەلاریا گیانیان لەدەستداوە.
لە راپۆرتەکەدا باس لەوەش کراوە کە لە ساڵی ٢٠١٨دا، سەدا ٩٤ی حاڵەتەکانی گیانلەدەستدان بەو نەخۆشییە لە کیشوری ئەفریقا بوون، تەنها ژمارەی ئەو کەسانەی لە نێجیریا بە مەلاریا گیانیان لەدەستداوە سەدا ٢٤ی رێژەی هەموو جیهان بووە.