Zana Natık Kerem
25 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 26 ئەیلوول 2018
ئەبوجا ــ AA
کاربەدەستانی نێجیریا رایانگەیاند ژمارەی ئەو کەسانەی کە بە ھۆی لافاوەکان لەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە، بۆ ١٠٨ بەرزبوویەوە.
لافاوەکان لە ئەنجامی باران بارینی بەخوڕ لە ١٢ ویلایەت دروستبووە.
دەستەی بەڕێوەبردنی فریاکەوتنی نیشتمانی نێجیریا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە لافاوەکان، زیانی بە ٤٤١ ھەزار و ٢٥١ کەس لە ٥٠ شارۆچکە گەیاندووە، ئەمە جگە لەوەی کە بە ھۆی لافاوەکانەوە، ١٤٠ ھەزار کەس بێ ماڵوحاڵ بوون.
ھەفتەی رابردوو سەرۆکی نێجیریا، محەمەد بوخاری رایگەیاندبوو کە لافاوەکان، کارەساتی نیشتمانی لێکەوتووەتەوە و داواشی لە دەستەی فریاکەوتنی نیشتمانی کردبوو پێداویستییە سەرەکییەکان بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکان دابین بکات.
دەستەی بەڕێوەبردنی فریاکەوتنی نیشتمانی ئاماژەی بەوەشداوە کە لافاوەکان زیانی بە ١٣ ھەزار خانوو گەیاندووە، ھەروەھا ١٢٠ ھەزار ھێکتار زەوی کشتوکاڵی خراپ بوون.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە دەستەی بەڕێوەبردنی فریاکەوتنی نیشتمانی بە مەبەستی دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکان بۆ قوربانیانی لافاوەکان پێویستی بە ٣٣ ملیۆن و ٧٠٠ ھەزار دۆلار ھەیە، بەڵام لە ئێستادا ھەشت ملیۆن و ٣٠٠ ھەزار دۆلار لە بەردەست دایە.