Zana Natık Kerem
26 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 26 شوبات 2022
ھەولێر - AA
وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق ئاماری ٢٤ کاتژمێری رابردووی سەبارەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) و ئەو کەسانەی کە ڤاکسینیان وەرگرتووە بڵاوکردەوە.
وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٨٧٨ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون لەنێویاندا ٣٠٦ کەس لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان و ١٢ کەسیش بەھۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە لەنێویاندا چوار کەس لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان کە لە پارێزگاکانی ھەولێر و سلێمانی بوون، ھەروەھا دوو ھەزار و ٢٣٢ کەس لە پەتاکە چاکبوونەتەوە لەنێویاندا ٤٩٥ کەس لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان.
ھەروەھا باس لەوەیش کراوە کە کۆی گشتیی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە عێراق و ھەرێمی کوردستان، گەیشتووەتە دوو ملیۆن و ٣٠٠ ھەزار و ٦٤٥ کەس و لەو ژمارەیەش ٢٤ ھەزار و ٩٦٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و دوو ملیۆن و ٢٣٨ ھەزار و ٤٥٧ کەسیش چاکبوونەتەوە.
وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق، ھەروەھا ئەوەیشی خستووەتە روو کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، حەوت ھەزار و ٥٤٩ کەس لە عێراق ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە و ئاماژەی بەوەیش داوە کە تا ئێستا، نۆ ملیۆن و ٨٥٧ ھەزار و ٩٩٦ کەس لە عێراق و ھەرێمی کوردستان دۆزی یەکەم و دووەمی ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە.