Zana Natık Kerem
26 شوبات 2020•نوێکردنەوە: 27 شوبات 2020
بەغدا - AA
لەچوارچێوەی گرتنەبەری رێوشوێنەکان بۆ پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، وەزارەتی دەرەوەی عێراق، پێدانی ڤیزای بە هاووڵاتییانی حەوت وڵات راگرت.
لەوبارەوە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەحمەد سەحاف راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە کە وەزیری دەرەوە، محەمەد عەلی حەکیم داوای لە باڵیۆزخانەکانی عێراق لە چین، ئێران، تایلاند، کۆریای باشوور، ژاپۆن، ئیتاڵیا و سینگاپور کردووە کە پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتییانی ئەو وڵاتانە رابگرن.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە داوا کراوە راگرتنی ڤیزا ئەو عێراقییانە ناگرێتەوە کە لەو وڵاتانەدان و دەیانەوێت بگەڕێنەوە، هەروەها ئەو کەسانەش ناگرێتەوە کە لە نێردە دیپلۆماتەکان و شاندە فەرمییەکانی ئەو وڵاتانە کار دەکەن، بەڵام بەو مەرجەی لە کاتی سەردانکردنیان بۆ عێراق پابەندی رێوشوێنەکانی وەزارەتی تەندروستی بن کە بەئامانجی پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیراونەتەبەر.
ئەحمەد سەحاف باسی لەوەشکردووە کە ئەو هەنگاوە لەچوارچێوەی گرتنەبەری رێوشوێنەکانن بۆ پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق.
دوێنی سێشەممە شانەی قەیرانەکان تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتی وەزیری تەندروستی، جەعفەر سادق عەللاوی بڕیاریدا ئیتر رێگە بە هاووڵاتییانی هەریەک لە ئێران، چین، تایلاند، کۆریای باشوور، ژاپۆن، ئیتاڵیا و سینگاپور نەدرێت سەردانی عێراق بکەن.
ئەمەش دوای ئەوە دێت کە پێشتر وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاندبوو، چوار حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کەرکووک و حاڵەتێکی دیکەش لە نەجەف تۆمارکراوە.