تەندروستی

سلێمانی.. سەمپۆزیۆمێک لەبارەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا

رزگار علی: "جگە لە فڕۆکەخانەکان لە خاڵە سنووریەکانیشدا کوارەنتین-مان دانا، کە ئەویش بریتیە لە دەستبەسەردا گرتنی تەندروستی بۆ ئەو هاووڵاتییانەی لە چین دەگەڕێنەوە، هیچ نیشانەیەکیان پێوە نییە، بەڵام بۆ ماوەیەک دەیانخەینە ژێر چاودێری تەندروستییەوە.

Rewa Mahmood Hasan  | 12.02.2020 - نوێکردنەوە : 13.02.2020
سلێمانی.. سەمپۆزیۆمێک لەبارەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا

As Sulaymaniyah

سلێمانی - AA

بە ناونیشانی ''روبەڕووبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا'' لە سلێمانی سەمپۆزیۆمێک ئەنجامدرا و تێیدا گفتوگۆ کرا لەسەر چۆنێتی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەكە.

زانكۆی سلێمانی بەهاوبەشی لەگەڵ زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی، بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری سلێمانی، بەڕێوەبەرایەتی گشتی سلێمانی و بەهاوكاری رێكخراوی تەندروستی جیهانی WHO، سەمپۆزیۆمێكی زانستی بە ناونیشانی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هۆڵی راپەڕین لەناو زانكۆی سلێمانی رێکخست.

لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لێپرسراوی نووسینگەی WHO لە سلێمانی، دکتۆر نەجمەددین حەسەن ئەحمەد ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان وەک رێکخراوی تەندروستی جیهانی WHO بەشدارن لە سەمپۆزیۆمەکەدا و داوامان لێکراوە کە ئەو رۆڵانە بخەینەڕوو کە رێکخراوەکەمان هەیەتی لە بارەی روبەڕووبوونەوەی نەخۆشی کۆرۆنادا.

ناوبراو باس لە چالاکی رێکخراوەکەیان دەکات لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا و دەڵێت ''رۆڵی رێکخراوی WHO لە جیهاندا ئەوەیە کە زانیاری لەسەر ڤایرۆسەکە ئاشکرا بکات و هۆشیاری لەنێو خەڵکدا بڵاو بکاتەوە کە چۆن خۆیان بپارێزن لێی، لەکاتێکدا تا رۆژی رابردوو ٤٣ هەزار کەس تووشی پەتاکەبوون کە زۆربەیان لە وڵاتی چین-ن و لە ٢٤ وڵاتدا ئەو ڤایرۆسە بڵاوبۆتەوە. زۆربەی ئەو کەسانەی تووشی بوون لە وڵاتان، ئەو کەسانەن کە سەردانی چین-یان کردووە، یان لەگەڵ هاووڵاتی چینیدا کە تووشبووی ڤایرۆسەکەن، مامەڵەیان کردووە. ئێمە لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقدا لەسەر خەتین بۆ ئەوەی هەوڵ بدەین رێگری بکەین لە هاتنە ناوەوەی ڤایرۆسەکە. جگە لەمانە خولی تایبەت دەکەینەوە بۆ دکتۆرەکان و کارمەندانی تەندروستی، هاوکات ماددەی پێویستی تاقیگەیی دەنێرینە تاقیگەی تەندروستی گشتی لە عێراق تاکو لە داهاتوودا بتوانن پشکنین بۆ ڤایرۆسەکە بکەن لە عێراقدا. بەردەوامین لە هەماهەنگی لەگەڵ تەواوی فەرمانگە تەندروتیەکاندا.''

یەکێکی تر لە بەشداربووانی سەمپۆزیۆمەکە بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی، دکتۆر زگار علی بوو کە تێیدا چۆنیەتی رێگاکانی خۆپاراستنی هاووڵاتییانی لە ڤایرۆسەکە خستەڕوو، هەروەک باسی لەو رێگایانە کرد کە گیراونەتە بەر بۆ رێگریکردن لە هاتنە ناوەوەی ڤایرۆسەکە.

لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دکتۆر رزگار عەلی گوتی: ''ئەمڕۆ زانکۆی سلێمانی بە هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆی پۆڵەتەکنیکی و چەند لایەنێکی تەندروستی سەمپۆزیۆمێکیان لەسەر هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئێستای نەخۆشی (Novel Coronavirus Pneumonia ڤایرۆسی کۆرۆنا )، هاوکات ئەو رێوشوێنانە ئاشکرا کران کە گیراونەتە بەر بۆ بەرگرتن لە ڤایرۆسەکە، ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی باس لە رێوشوێنەکان دەکەین، لەکاتێکدا لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لەجیهاندا، وەک بەڕێوەبەرایەتی تەندروستییەکان و خۆپاراستن و لیژنەیەکی باڵای روبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکەمان دامەزراند".

لەبارەی هەوڵەکان لە هەرێمی کوردستان بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە، دکتۆر رزگار عەلی ئاماژەی بەوەدا کە لە رێی لیژنەی باڵای روبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە، چەند یەکەیەکی جیاکردنەوە (عەزل)یان دانا وە لە نەخۆشخانەی هەناویی، تاکو لە ئەگەری هاتنەوە ناوەوەی ڤایرۆسەکە، توشبوان جیابکەنەوە و چارەسەری تەندروستی بۆ بکەن و گوتی:

''هاوکات جگە لە فڕۆکەخانەکان لە خاڵە سنووریەکانیشدا کوارەنتین-مان دانا، کە ئەویش بریتیە لە دەستبەسەرداگرتنی تەندروستی بۆ ئەو هاووڵاتییانەی لە چین دەگەڕێنەوە، هیچ نیشانەیەکیان پێوە نییە، بەڵام بۆ ماوەیەک دەیانخەینە ژێر چاودێری تەندروستییەوە ئەمە پێی دەگوترێت کەرەنتین. تاکو لەماوەی ١٤ رۆژدا سەیریان دەکەین بزانین ئایا هیچ نیشانەیەکی پەتاکەیان لێ بەدەر دەکەوێت، هەڵبەت ئەمەش بۆ رێگریکردنە لە هاتنە ناوەوەی ڤایرۆسەکە".

بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی، سوپاسی وەزارەتی ناوخۆی کرد کە وەک هەنگاوێک بۆ رێگریکردن لە هاتنە ناوەوەی ڤایرۆسەکە هەماهەنگی لەگەڵدا کردوون و لە ٣٠ کانوونی دووەمەوە بۆ ماوەیەکی کاتی، گەشتی هاووڵاتی چین-ی بۆ هەرێم قەدەغە کرد.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın