Cemal Sargati
13 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 14 تەمووز 2017
سلێمانى - AA
بە مەبەستی خستەڕووی ئاماری شەش مانگی رابردووی ئەمساڵی دەزگای تەندروستی پێشمەرگە، بهڕێوهبهرى ئهو دهزگایه، دکتۆر شەماڵ جەبار یاوەر له كۆنگرهیهكى رۆژنامهوانیدا گوتی: "لە ساڵی ٢٠١٦دا یەک ملیۆن و ٢١٣ نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەکەیان کردووە و لە شەش مانگی رابردووی ئەمساڵدا، ٥٠٥ ھەزار و ٦٦١ نەخۆش سەردانی کردووین و لە مساڵدا رێژەی نەخۆش زۆر بووە ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ بارودۆخی ژیانی ھاووڵاتییان کە بە ھۆی قەیرانەوە کەمتر سەردانی نەخۆشخانە ئەھلییەکان دەکەن و پێشتر ئەم نەخۆشخانەیە زیاتر بۆ پێشمەرگە بوو بەڵام ئێستا دەرگاکانمان کردووەتەوە بۆ ھەموو ھاووڵاتییان، ھۆکارێکیتریش ئەوەیە کە ژمارەی دانیشتوان زیاد بووە جگە لەوەی کە ژمارەی ئاوارەکان ٣٠ لەسەدا زیادی کردووە".
گوتیشی: "لە شەش مانگی ئەمساڵدا، ھەزار و ١٢ برینداری بەرەکانی جەنگ نێردراون بۆ دەرەوەی وڵات و چەندین برینداریتریش ماون کە چاوەڕێی وەڵامی دەرەوە دەکەن کە رەزامەندی نیشان بدەن و بیان نێرین و، ٨ تۆن دەرمان بەسەر بەرەکانی جەنگدا دابەش کراوە و، ٢٠٣ نەشتەگەریش ئەنجامدراوە".
بۆ ژمارەی شەهیدەكانیش لە سەرەتای جەنگی داعشەوە، دکتۆر شەماڵ ئاماژهى بۆ ئهوه كرد کە لە بهروارى ١٠-٦-٢٠١٤ تاوەکو ١٠-٦-٢٠١٧، ھەزار و ٧٤٥ پێشمەرگە شەھید بوون و، ١٠ ھەزار و ٦٩ پێشمهرگه بریندار بوون و ٦٦ پێشمەرگەش بێ سەروشوێنن".
راشیگەیاند کە لە لایەن وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی بەرگری عێراقەوە ھیچ ھاوکارییەک نەکراون و گوتی: "ئەگەر وا بڕوات بە ھۆی زیادبوونی ژمارەی نەخۆشەوە رەنگە تووشی قەیرانی کەمی دەرمان ببینەوە".
بهڕێوهبهرى دهزگاى تهندروستى پێشمهرگه ئهوهشى گوت کە نەخۆشخانەیەکی فریاکەوتنی دیکە دروست دەکەن کە ٨٠ لەسەدی تەواو بووە بە ھاوکاری خێرخوازان کە ٤٠ قەریۆلەی فریاکەوتنی ھەیە و ئێستا لە قۆناغی دابینکردنی ئامێرەکاندان وا بڕیارە کە لە سێ مانگی داھاتوودا بە رووی ھاووڵاتییاندا بکرێتەوە بهوهش خزمهتێكى بهرچاوى هاووڵاتییان دهكەن".
ئهو ئاماژهى بۆ ئهوهشكرد کە راگهیاندنی فهیسی یهکهمی رووبهڕووبوونهوهی نهخۆشی لیشمانیا تەواو بووە.
لە كۆتایی كۆنگره رۆژنامەوانیەكهدا، بهڕێوهبهری گشتی دهزگای تهندروستی پێشمهرگه، ئاشکراشی کرد کە ئامادەکاری کراوە بۆ شەڕی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی حەویجە کە هێزەکانی پێشمەرگە و تەندروستی بەشداری تیادا دەکەن و تیمەکانی تەندروستی لە بەرەکانی جەنگدا کاری خۆیان دەکەن و چارەسەری برینداران دەکەن.