Cemal Sargati
19 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 20 ئادار 2017
سلێمانى-AA
بەئامادەبوونى وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە حکوومەتى هەرێمى کوردستان کارگهی برنجی ئاڵدان له ناوچهی تانجهرۆی شارى سلێمانی کرایهوه که بڕی یەک ملیۆن دۆلاری تێچووه و توانای پاککردنهوهی 100 تۆن چهڵتوکی ههیه له یهک رۆژدا.
لەدوای کردنەوەى کارگەکە وهزیری کشتوکاڵ و سهرچاوهکانی ئاو، عهبدولستار مهجید لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "دروستکردنى کارگە و بەتایبەتیش بۆ پیشەسازى خۆراک بۆخۆى گرنگى تایبەتى هەیە، هەروەها کشتوکاڵى هەرێمى کوردستان پێناوەتە قۆناغێک کە لەمەودوا پێویستى بە ساغکردنەوەى بەرهەمەکانى هەیە".
گوتیشى: "لە ئێستادا بەرهەمى ناوخۆیى زۆر زیادى کردووە، دڵنیاشین کە ئەمساڵ بەرهەمى ناوخۆیى بەبەراورد بەساڵانى رابردوو زیاتر دەبێت و بۆ ساغکردنەوەى بەرهەمەکانیش ئێمە چەند رێگایەکمان لە پێشە، یەکەم هەوڵدان بۆ ئەوەى بەرهەمەکان لە دەرەوەى هەرێمى کوردستان ساغبکرێتەوە. دووەم دەبێت لە ناوخۆى هەرێمى کوردستاندا بەرهەمەکانمان ساغبکەینەوە بۆئەوەى کەمتر پشت ببەستین بە بەرهەمى هاوردە، بەڵام ئەوەش پێویست دەکات کە بەرهەمەکانمان بەرهەمى نایاب بن و کوالێتى بەرز بێت. سێیەمیش ئەوەیە کە دەبێت بەرهەمەکانمان بەپێشەسازى بکەین کە لە ئێستادا هەرێمى کوردستان لەم قۆناغەدایە و کردنەوەى ئەم کارگەیەش یەکێکە لە هەنگاوە گرنگەکان".
عەبدولستار مەجید داواشى لە بەڵێندەران و کۆمپانیاکان کرد هەوڵبدەن بۆ دروستکردن و دامەزراندنى کارگە لە هەرێمى کوردستان بۆئەوەى بەرهەمەکان ساغبکرێنەوە.
هەروەها وهزیری کشتوکاڵ و سهرچاوهکانی ئاو داواى لە جووتیارانى هەرێمى کوردستان کرد بەرهەمەکانیان باش بکەن، بۆ ئەوەى چیتر پشت بە وڵاتانى دەرەوە نەبەستن بۆ دابینکردنى بەرهەمە کشتوکاڵییەکان.
ناوبراو راشیگەیاند "کارگەى برنجى ئاڵدان پێویست بوو بۆ هەرێمى کوردستان چونکە ئێمە لە هەرێمى کوردستان ناوچەیەکى زۆرمان هەیە و چەڵتوکى لێ بەرهەم دەهێنرێت بۆیە دەکرێت لەمەودوا ئەم کارگەیە سوود لە چەڵتوکەکەى خۆمان ببینێت تاوەکو بکرێتە برنج و کەمتر پشت بەچەڵتوکى دەرەوە ببەستین".