Abdullah Shukur
19 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 20 ئادار 2017
ھەولێر-AA
سەرکۆنسوڵی تورکیا لە ھەولێر، محەمەد ئاکیف ئینام رایگەیاند کە لە رێکەوتی ٨-٩ی نیسان بەمەبەستی بەشداری کردنی ئەو هاووڵاتییە تورکانەی لە عێراقن لە گشتپرسی گۆڕانکاری دەستووری تورکیا ، سندووقی دەنگدان لە ھەولێر و بەغدا دادەنرێن.
محەمەد ئاکیف ئینام: "ژمارەی دەنگدەرانی تورکیا لە عێراق دوو ھەزار و ٨٣٥ کەسە، لەو ژمارەیەش هەزار و ٩١٦یان ناوی خۆیان لە کۆنسوڵخانەی تورکیا لە ھەولێر تۆمار کردووە".
سەرکۆنسوڵی تورکیا لە شاری ھەولێر، محەمەد ئاکیف ئینام رایگەیاند کە بە مەبەستی بەشداری کردنی ئەو هاووڵاتییە تورکانەی لە عێراقن لە گشتپرسی گۆڕانکاری دەستووری تورکیا لە رێکەوتی ٨-٩ی نیسان سندوقەکانی دەنگدان لە ھەردوو شاری ھەولێر و بەغدا دادەنرێن.
ئینام بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند کە "لە ١٦ی نیسانی گشتپرسی تورکیا، لە بەرواری ٨-٩ی نیسان سندووقی دەنگدان لە باڵیۆزخانەی تورکیا لە شاری بەغدا و کۆنسوڵخانەی ھەولێر دادەنرێن. ھاوکات سندووقەکانی دەنگدان لە کاتژمێر ٩ی بەیانی تا ٩ی ئێوارە کراوە دەبێت".
ئینام راشیگەیاند کە دەنگدەران لە رۆژی دیاریکراو سەردانی کۆنسوڵخانە دەکەن. گوتیشی: "ئامادەکارییەکانی گشتپرسی بەردەوامە. ھاووڵاتیانی ئێمە لە عێراق دەتوانن لەم دوو بنکەیە دەنگەکانیان بەکاربھێنن. سندووقی دەنگدان لە دەرگای سنووری ئیبراھیم خەلیل و خابوور دانانرێت. بەپێی ئەو ئامارانەی کە دەستەی باڵای ھەڵبرژاردنەکانی تورکیا لە ١٠ی ئادار دیاریکردووە، دوو ھەزار و ٨٣٥ دەنگدەری تورکیا لە عێراق بوونیان ھەیە، لەو ژمارەیەش هەزار و ٩١٦یان ناوی خۆیان لە کۆنسوڵخانەی تورکیا لە ھەولێر تۆمار کردووە".
ئینام ئاشکراشی کرد کە ئەو ھاووڵاتیانەی تورکیا لە بەغدا ناویان تۆمار کراوە، دەتوانن لە رۆژی دەنگدان بێنە ھەولێر و دەنگی خۆیان بەکاربھێنن. گوتیشی: "بۆ یەکەم جارە لە ھەولێر سندووقی دەنگدان دەکەینەوە. ھیوادارین لە ٨-٩ی نیسان بە باشترین شێوە ئەم خزمەتە پێشکەش بکەین. دەنگدان مافی ھاووڵاتیبوونە. لە چوارچێوەی فەرمانی دەوڵەت و ئەو دەسەڵاتەی کە پێمان دراوە، سندووقی دەنگدان لە شاری ھەولێریش دەکەینەوە و کارەکانیشمان بەردەوامە. بەم پێیەش سندووقەکانی دەنگدان لە کاتژمێر ٩ی بەیانی تا ٩ی ئێوارە کراوە دەبێت و ئێمەش لەو شوێنە چاوەڕێی ھاووڵاتیانمان دەکەین".