Hejar Reşit
02 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 04 نیسان 2016
كەركووك
جێگری لیوای 9ی هێزەكانی پێشمەرگە عەقید روكن تارق ئەحمەد جاف بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند "ئەو فڕۆكە بێفڕۆكەوانەی هێناومانە بۆ سەرجەم فەوجەكانە و هەر فەوجێك و یەك دانەمان بۆ هێناون و دابەشمان كردووە بەسەریاندا جگە لەوەیش بارەگای لیوا چەند فڕۆكەیەكی هەیە هەر كاتێك پێویست بێت بۆ چاودێری كردن بەرزی دەكەینەوە بە ئاسماندا و جموجۆڵەكانی داعش وەردەگرین لە سنوورەكەمان چونكە سەرچاوەی زانیارییەكان نەماوە لە ژێر دەسەڵاتی داعش كە پێشتر لەلایەن هاووڵاتییانی ژێر دەسەڵاتی داعشەوە زانیاریمان وەردەگرت بەڵام ئێستا لە رێگەی ئەم فڕۆكانەوە زانیاری وەردەگرین و سوودی باشمان وەرگرتووە لەو فرۆكانە و تا ئێستا سەركەوتوو بووە بۆمان".
گوتیشی: "ئەو فڕۆكانەی هێناومانە تەنها یەك كێشەی هەیە ئەویش ناتوانین لە شەودا بەكاریان بهێنین بۆ چاودێری كردنی داعش لە سنوورەكە لە بەر ئەوەی وێنە بۆ شەوان روون نییە بەڵام لەگەڵ كۆمپانیا قسەمان كردووە بۆ ئەوەی بتوانین كامێرایی دیكەمان بۆ ڕەوانە بكەن بۆ ئەوەی بەشەو ڕۆژ سوود لەو فڕۆكە بێفڕۆكەوانانە وەربگرێن و ژمارەیان نزیكەی 10 فڕۆكەیە".
ئەو فەسەر دەڵێت "ئەو فڕۆكانەی هێناومانە بۆ سنووری لیوای 9ی هێزەكانی پێشمەرگە لە شارۆچكەی داقووق لە سەر ئەرك و تێچووی خۆمان كڕیومانە واتا نە وەزارەتی پێشمەرگە نە حكوومەتی عێراق بۆمانی نەناردووە بەڵكو لەسەر ئەركی كۆمەڵێك ئەفسەر و پێِشمەرگە و خەڵكی بیانی كڕیومانە بۆ چاودێریكردنی جموجۆڵەكانی داعش و پاراستنی سەنگەرەكانمان لە تیرۆریستانی داعش".
ئەفسەرێكی پێشمەرگە لە لیوای 9 موقەدەم حەكیم قادر عەلی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند "ماوەیەكە ئەو خەڵكانەی لەژێر دەستی داعشن ئێستا هەڵاتوون ئێمەیش كۆمەڵێك لەوانە سەرچاوەی زانیاریەكانمان بوون ئێستا نەماوە بۆیە دوای نەمانی سەرچاوەكانمان لە سنووری داعش بیرمان لەوە كردووە فڕۆكەی بێفرۆكەوان هاوردە بكەین و جموجۆڵەكانی داعش چاودێری بكەین لەو رێگەیەوە هاتنی فڕۆكەكانیش لە رێگەی كۆمەڵێك كەسی بیانی و عەقید تارق جێگری لیوای 9 بووە بۆ سنوری داقووق".
گوتیشی: "رۆژانە بەكاری دەهێنین بۆ چاودێریكردنی جموجۆڵەكانی داعش لە گوندەكانی نزیك سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە باشوری شارۆچكەی داقووق. لەو كاتەی ئەو فڕۆكانە بەكار دەهێنین پێشمەرگەكانمان ورەیان بەرزبۆتەوە بەتایبەت بۆ ئەوەی لە ئاسمانە وێنەی داعش دەگوازینەوە و ئاگاداری جموجۆڵەكانیان دەكەین بۆ هەر هێرشێك بۆ سەرمان".
ئەفسەرەكەی لیوای 9 گوتیشی: "داواكارم لە وەزارەتی پێشمەرگە ئەمەی ئێمە كردوومانە بۆ لیواكانی دیكەی پێشمەرگە دابین بكرێت بۆ ئەوەی ئاگاداری داعش بن لە ئاسمانەوە چونكە لەو ساتەی ئەم فڕۆكانە بەرز دەكەینەوە لە سنوری داقووق داعش جموجۆڵەكانیان كەم كردووەتەوە یاخود ئەگەر هاتوچۆیش بكەن بە ئۆتۆمبێلی مەدەنیەوە دەسوڕێنەوە و بەبێ چەك دەردەچن بۆ ئەوەی نەكرێنە ئامانج لە بەر ئەوەی ئەوان دەبینن فڕۆكەكان زۆرترین كات بە ئاسمانەوەیە بۆ چاودێری كردنیان".
لیوای 9ی هێزەكانی پێشمەرگە دەكەوێتە سنووری شارۆچكەی داقووق لە باشوری كەركووك و نزیكەی 28 كیلۆمەتر پاراستنی ناوچەكە لە ئەستۆی ئەو لیوایە و لە سەرەتایی شەڕی داعشەوە لە حوزیرانی 2014وە سنورەكەیان پاراستووە و لە ئێستادا نزیكەی 10 فڕۆكەی بێفرۆكەوانیان هێناوە لەسەر ئەرك و تێچووی خۆیان بۆ چاودێری داعش لە ناوچەكە.