Cemal Sargati
28 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 29 ئادار 2017
سلێمانی-AA
لەلایەن رێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت بەھاوکاری رێکخراوی unhcr بەبۆنەی چەژنی نەورۆز لەشاری سلێمانی ئاھەنگێکی تایبەت بۆ ئاوارە و پەنابەرکانی سنوری پارێزگای سلێمانی بەرێوەچوو.
لەم ئاھەنگەدا پێشانگایەکی کاری دەستیش لەلایەن ئاوارە و پەنابەرەکانەوە کرایەوە، ھەروەھا سەرجەم نەتەوەکان بە نامیشی تایبەتی خۆیان چەژنی نەورۆزیان پیرۆزکرد.
بەھۆی شەڕی داعشەوە بە ھەزارەھا ئاوارە و پەنابەر ناوچەکانی خۆیان جێھێشتووە و لە شارەکانی ھەرێمی کوردستان نیشتەجێبوونەوە.
بەرێوەبەری رێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت، بەختیار ئەحمەد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵوی گوتی: "رێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت بەھاوکاری رێکخراوی unhcr ئاھەنگی نەورۆزیان سازکرد بۆ ئاوارەو پەنابەرەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی".
گوتیشی: "ئەم ئاھەنگە بۆ ئەوەبوو کە سەرجەم ئاوارەکان کە لە سلێمانی نیشتەجێن و ئاوارەبوون لەگەڵ ئەو پەنابەرانەی کە لەوڵاتی سوریا و ئێرانەوە ھاتوون لەگەڵ کوردانی ھەرێم پێکەوە ئاھەنگێکمان بۆ سازکردوون تاوەکو پەیوەندییەکان زیاتر و باشتر بن لە رووی کۆمەڵایەتيیەوە ھەروەھا وەک نمونەیەک بۆ پێکەوە ژیان لە ھەرێمى کوردستان".
بەڕێوەبەری پڕۆژەی ھاوکاری پەنابەران لە رێکخراوی CDO، دیار عەبدولقادر، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵوی گوتی: " ئامانجیان لەو چالاکییە کۆکردنەوەی ئاوارە و پەنابەران بووە بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش، چونکە ئەوان شوێنی خۆیان جێھێشتووە و لە دۆخی دەروونی خراپدا دەژین".
لە سنوری پارێزگای سلێمانی نزیکەی ٢٠ھەزار پەنابەری ئێران و ھەروەھا نزیکەی ٧ ھەزار پەنابەری سووریا بوونیان ھەیە و زیاتر لە ١٠٠ ھەزار ئاوارەی ناوخۆیی لە سنوری پارێزگای سلێمانی بونیان ھەیە.