Fuat Kabakcı
18 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 18 تشرینی دووەم 2020
ئەنقەرە- AA
لە ئەمریکا رێگە بە بەکارهێنانی پشکنینێکی کۆرۆنا دەدرێت کە لە ماڵەوە بەکاردەهێندرێت و لە ماوەی ٣٠ خولەکدا ئەنجامەکە نیشان دەدات.
لە سەرەتادا بەشێوەیەکی سنووردار رێگە بە بەکارهێنانی پشکنینەکە دەدرێت و بە رەچەتە بە خەڵک دەدرێت.
بۆ ئەنجامدانی پشکنینەکە، کەمێک لە شلەی ناو لووتی کەسەکە وەردەگیردرێت و دەخرێتە ناو ئامێرەکەوە و دوای ٣٠ خولەک ئەنجامی پشکنینەکە لەسەر ئامێرەکە دەردەکەوێت.
پێشتر پشکنینەکان لەلایەن کارمەندانی تەندروستییەوە و لە تاقیگەکاندا ئەنجام دەدران، بەڵام لەئێستادا دەکرێت ئەو کەسانەی گومان دەکەن تووشی ڤایرۆسەکە بووبێتن، خۆیان لە ماڵەوە پشکنین بۆ خۆیان ئەنجام بدەن و بەخێرایی رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی خۆیان و دەوروبەریان بگرنەبەر.
بەگوێرەی ئامارەکانی ماڵپەڕی"Worldometers"، تا ئێستا ١١ ملیۆن و ٦٩٥ هەزار و ٧١١ حاڵەتی توشبوون بە کۆرۆنا لە ئەمریکا تۆمارکراون و ٢٥٤ هەزار و ٢٥٥ کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.