Dlshad Saifaalddin Ahmed
16 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 17 ئاب 2017
سلێمانی ـ AA
ئەمڕۆ سەرۆك و ژمارەیەك لە مامۆستایانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی سەردانی نەخۆشخانەی هیوا بۆ چارەسەركردنی توشبوانی نەخۆشی شێرپەنجەیان كرد و كۆمەڵێك دیاری تایبەت بە منداڵانیان بەسەر منداڵانی توشبوو بە نەخۆشیەكە لەو نەخۆشخانەیە دابەش كرد.
سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی، ئالان فەرەیدون لەو بارەیەوە گوتی: " ئامانج لەم كارە ئەوەیە بتوانین خۆشییەك بخەینە دڵی منداڵانی توشبوو بە نەخۆشییەكە، تاوەكو لە رووی مەعنەویەوە ئەو منداڵانە دڵخۆش بن و كەسانی تریش هەمان كار ئەنجام بدەن بۆ دڵخۆشكردنی زیاتری ئەو منداڵانە".
لە لای خۆیەوە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكە، دۆستی نەجات گوتی:" ئەو منداڵانەی لێرە چارەسەر وەردەگرن زۆربەیان بۆ ماوەی 3 ساڵ لەژێر چارەسەری پزیشكیدان و لە نەخۆشخانە دەمێننەوە و زۆر بێزار دەبن، بۆیە زۆر پێویستیان بەم جۆرە هاوكارییانە هەیە بۆ ئەوەی تا رادەیەك ئازارەكانیان كەم بكەینەوە".