Hemn Baban
02 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 03 کانوونی یەکەم 2017
هه‌ولێر-AA
رێكخراوێكی ئیتاڵی كارگه‌یه‌كی به‌رهه‌مهێنانی رۆنی زه‌یتوون پێشكه‌ش به هه‌رێمی كوردستان دەکات و ئێستا نزیك به مانگێك ده‌بێت كارگه‌كه له شاری هه‌ولێر بهكارخراوه و رۆژانه چه‌ندین تۆن زه‌یتوونی به‌رهه‌می جوتیارانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات به رۆن، به‌ڵام هێشتا به‌رهه‌می ئه‌م كارگه‌یه وه‌كو پێویست نه‌كه‌وتووه‌ته بازاڕه‌كانی هه‌رێمه‌وه.
كارگه‌كه به هه‌وڵێكی باش ده‌خه‌مڵێنرا له لایه‌ن ئه‌و جوتیارانه‌ی كه له‌نێو كارگه‌كه بوو و به‌یانییه‌كی زوو و ئۆتۆمبێله پڕ له زهیتوونهكانییان ریز پێ گرتبوو، یه‌كێك له‌و جوتیارانه ده‌یگوت ئه‌و كارگه‌یه هانده‌ره بۆ ئه‌وه‌ی ساڵانی داهاتوو به‌رهه‌مه‌كانییان زیاد بكه‌ن، به‌تایبه‌ت به‌رهه‌مێكی خۆماڵیش ده‌بینن كه ئه‌وه‌ش خۆشحاڵییان ده‌كات.
سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی هه‌ره‌وه‌زی زه‌یتوون كه كۆمه‌ڵه‌یه‌كه له كۆتاییه‌كانی ساڵی رابردوو دامه‌زراوه،نیعمه‌ت مه‌ولوود کە هاوكات به‌ڕێوه‌به‌ری كارگهكهشه، له‌وباره‌یه‌وه بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی چیرۆكی دامه‌زراندنی كارگه‌كه‌ی بۆ كردیین و گوتی "حكوومه‌تی ئیتاڵیا له‌رێگه‌ی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو ئه‌م كارگه‌یه‌ی پێشكه‌شی جوتیارانی هه‌رێمی كوردستانی كردووه، ئه‌و رێكخراوه‌ی كه ئه‌م كارگه‌یه‌ی پێشكه‌شكردووه گوتییان ده‌یانه‌وێت پێشكه‌شی جوتیارانی بكه‌ن، بۆیه ئێمه هه‌ڵساین به دروستكردنی كۆمه‌ڵه‌یه‌ك به‌ناوی كۆمه‌ڵه‌ی هه‌ره‌وه‌زی زه‌یتوون و كارگه‌كه‌مان وه‌رگرت".
گوتیشی" توانییمان كارگه‌كه له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو به گرێبه‌ست وه‌ربگرین و خزمه‌تی جوتیارانی هەرێمی كوردستانی به بێ جیاوازی پێ بكه‌ین".
ئه‌و پیاوه كه به مام نیعمه‌ت یان حاجی زوو زوو بانگییان ده‌كرد، پیاوێكی ئه‌سمه‌ری ته‌واو كورده‌وارییه هه‌ر له جلوبهرگهكانییهوه تا قسه و ره‌فتاره‌كانی، پیاوێكی میوان دۆستی قسه خۆش بوو له‌گه‌ڵ ئه‌و جوتیارانه‌ی كه به‌رهه‌مه‌كانییان بۆ كارگه‌كه هێنابوو و له‌گه‌ڵ كرێكارهكانیشدا وه‌كو باوك و كوڕ مامه‌ڵه‌یان ده‌بینرا.
مام نیعمه‌ت له‌درێژه‌ی قسه‌كانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باس له ورده‌كاریی كاركردنی كارگه‌كه‌یان ده‌كات و ده‌ڵێت "له به‌رامبه‌ر هاڕینی هه‌ر ته‌نێك زه‌یتوون كه جوتیاران بۆ كارگهكهیانی ده‌به‌ن بڕی 75 هه‌زار دینار وه‌رده‌گرن و دواتر جوتیاره‌كان هه‌موو رۆنی زه‌یتوونه‌كه ده‌به‌نه‌وه بۆخۆیان، پێشی وایه ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی نرخێكی زۆر نییه، چونكه ته‌رخانكراوه بۆ مووچه‌ی كرێكاران و شكستیی كارگه‌كه و خه‌رجییه‌كانی كاره‌با و ئاو و شتی دیكه".
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی رۆژانه چه‌ند زه‌یتوون له‌م كارگه‌یه ده‌كرێت به رۆن، سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی هه‌ره‌وه‌زی زه‌یتوون و خاوه‌نی كارگه‌كه بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایده‌گه‌یه‌نێت "دیار نییه رۆژانه چه‌ند تۆن زه‌یتوون دێت، واته هێشتا به‌ڕێكی دیار نییه، بۆیه رۆژی وا هه‌یه شه‌ش تۆن، هه‌یه حه‌وت، رۆژی وا هه‌یه 10 یان 12 تۆن ، رۆژی واش هه‌یه ته‌نها دوو تۆن زه‌یتوونمان بۆ دێت".
له‌باره‌ی ئه‌وه‌شی كه هه‌ر تۆنێك له‌و زه‌یتوونه‌ی به‌رهه‌می خۆماڵیی جوتیارانی هه‌رێمی كوردستانه چه‌ند رۆن ده‌رده‌چێت، نیعمه‌ت مه‌ولوود ده‌ڵێت" ئه‌مه‌یان به‌پێی جۆری زه‌یتوونه‌كه ده‌گۆڕێت، بۆ نموونه ئه‌گه‌ر جۆری باش بێت یان گه‌یی بێت ئه‌وا رۆنی زیاتر و باش ده‌دات، له 100 كیلۆ نزیكه‌ی 9 تا 11 كیلۆ رۆنی زه‌یتوون و هه‌ندێك جار زیاتریش ده‌دات".
ده‌شڵێت ئه‌گه‌ر جوتیارێك زه‌یتوونی باشی هه‌بێت و به‌پێی پێوه‌ره‌كانی ئه‌وان بێت ئه‌وان ئاماده‌ن لێی بكڕنه‌وه و بۆ خۆیان رۆنی زه‌یتوونه‌كه له بازاڕدا بفرۆشنه‌وه.
هه‌روه‌ها گوتیشی زۆرینه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی کە زه‌یتوون ده‌چێنن به‌ته‌نها بۆخۆیان رۆنه‌كه ده‌به‌نه‌وه و به‌كاری ده‌هێنن، بۆیه به‌رهه‌می ئه‌و كارگه‌یه كه‌متر له بازاڕدا هه‌یه.
مام نیعمه‌ت به ئومێدێكی زۆره‌وه باسی له ئایندهی كارگه‌كه‌یان و كارهكهشیانی ده‌كرد، ئه‌و ئێستا نزیك به 7 كرێكاری له‌به‌رده‌ستدایه، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه ده‌كرد نیازییان هه‌یه كارگه‌ی دیكه دابمه‌زرێنن و سوود له پاشماوه‌كانی ئه‌و زه‌یتوونه وه‌ربگرین كه ئێستا فڕێ ده‌درێن، له‌و رووه‌وه گوتی "ئه‌گه‌ر زه‌یتوون زیاتر بێت ئه‌وا پلانییان هه‌یه كه كارگه‌یه‌كی دیكه بهێننه هەرێمی كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی سوود له پاشماوه‌كانی ئه‌م كارگه‌یه له‌و زه‌یتوونه‌ی ده‌هاڕدرێت وه‌ربگیرێت و بكرێت به سابوون و ره‌ژوو".
ده‌شڵێت ئه‌و رۆنه‌ی ئه‌وان به‌رهه‌می ده‌هێنن له چاو به‌رهه‌مه‌كانی دیكه‌ی بازاڕ زۆر باشتره، كوالیتیشی به‌رزه، ئه‌و ده‌ڵێت ئه‌و رۆنه‌ی ئه‌وان به‌بێ هیچ مه‌وادی حافیزه و شتی تر به‌رهه‌م ده‌هێنرێت.
مام نیعمەت له درێژه‌ی قسه‌كانیدا چیرۆكی ئه‌وه‌ی بۆ گێڕاینه‌وه كه باڵیۆزی ئیتاڵیا له عێراق بڕێكی باش له به‌رهه‌می رۆنی ئه‌وانی بۆ وڵاته‌كه‌ی خۆی بردووه‌ته‌وه تا به‌كاری بهێنێت بۆ پێویستییه‌كانی خۆی.
له‌نێو كارگه‌كه چه‌ندین فه‌رده زه‌یتوون له ئۆتۆمبێله‌كانه‌وه داده‌گیرێن بۆ ئه‌وه‌ی بخرێنه نێو كارگه‌كه و له‌و سه‌ره‌وه رۆن به‌رهه‌م بێت، بیرۆكه‌ی ئه‌م كارگه بچووكه به بۆچوونی شاره‌زایان كاریگه‌ریی باشی هه‌یه بۆ به‌خۆماڵی كردنی پتری به‌رهه‌مه‌كان، هه‌روه‌ها هەلی کار بۆ چەند کەسێک دەڕەخسێنێت، له پاڵ ئه‌وه‌شی كه داهاتی بۆ حكوومه‌تی هه‌رێمیش ده‌بێت، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر گه‌وره بكرێته‌وه.
لهكارگهكهدا چه‌ندین جۆری زه‌یتوون هه‌بوون، ئه‌و جوتیارانه‌ی بۆ رادەستکردنی زهیتوونهكانییان هاتبوون، له ناوچه جیاجیاكانی كوردستانه‌وه رێ‌یان بۆ ئێره له هه‌ولێر گرتبوویه به‌ر، جوتیاره‌كان به خۆشحاڵییه‌وه ته‌ماشای ئه‌م كارگه‌یه‌یان ده‌كرد و ده‌یانوت شتێكی دانسقه‌یه و چاوییان له گه‌وره‌كردنی هه‌یه و چاویشیان له‌وه هه‌یه له‌و جۆره كارگه بۆ به‌رهه‌مه‌كانی دیكه‌ش دابنرێت.
به‌ڕێوه‌به‌ری هونه‌ری كارگه‌كه دیدار ره‌سول له لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی له‌وه‌كرد كارگه‌كه نزیكه‌ی مانگێكه ده‌ستی به‌كاره‌كانی كردووه، تا دێت خه‌ڵك به‌رهه‌می زیاتر ده‌هێنێت به به‌راورد له‌گه‌ڵ رۆژانی یه‌كه‌می به‌كارخستنی كارگه‌كه و تا ئێستاش نزیكه‌ی 80 تۆن زه‌یتوونییان كردووه به رۆن بۆ جووتیاره‌كان.
ده‌شڵێت "زه‌یتوون له هه‌موو ناوچه‌كانی هەرێمی كوردستان له هه‌ولێر و ده‌وروبه‌ری و سلێمانی و گه‌رمیان و ناوچه‌كانی دیكه و دهۆكیش بۆمان ده‌هێنن بۆ ئه‌وه‌ی بۆ جوتیارانی بكه‌ین به رۆن".
باس له‌وه‌ده‌كات كه به‌هۆی گه‌رماوه زه‌یتوونی ئه‌مساڵ زۆر به‌رهه‌می باش نییه، رۆنهكهشی كه‌می كردووه.
دیدار ره‌سول له درێژه‌ی قسه‌كانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ده‌ڵێت كه ئه‌و رێكخراوه ئیتاڵییه‌ی كه كارگه‌كه‌ی پێشكه‌شی كردوون مه‌شقی بۆ كارمه‌نده‌كانییان كردووه‌ته‌وه، وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی هه‌رێمیش هاوكاریی كردوون له دابینكردنی بیناكه و چه‌ند شتێكی دیكه‌ش.
له‌هه‌رێمی كوردستان هه‌زاران كارگه هه‌ن كه به‌شی هه‌ره زۆرییان كارگه‌ی بچووكن، تا ئێستا به‌پێی وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازیی هه‌رێم رێژه‌ی 95 له‌سه‌دی پێویستییه‌كانی هاووڵاتییانی هه‌رێم و عێراقیش له ده‌ره‌وه هاورده ده‌كرێت.
به خۆماڵی كردنی به‌رهه‌مه‌كان هێشتا كاری جیددی له‌سه‌ر نه‌كراوه، ئەم جۆره كارگانه به‌رای شاره‌زایان كاریگه‌ریی باشی ده‌بێت له‌سه‌ر رێگه‌گرتن له چوونه ده‌ره‌وه‌ی پاره‌یه‌كی زۆری هه‌رێم و هه‌روه‌ها دەبێتە هۆی رەخساندنی هەلی کار بۆ هه‌زاران كه‌س.