Emre Doğan
28 تشرینی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 30 تشرینی دووەم 2022
دۆحە – AA
لە میانی یارییەکانی گرووپی G لە مۆندیالی قەتەر ٢٠٢٢، هەڵبژاردەی بەڕازیل بە ئەنجامی گۆڵێکی بێبەرامبەر لە هەڵبژاردەی سویسرای بردەوە و سەرکەوتنی بۆ قۆناغی ١٦ مسۆگەر کرد.
بەڕازیل، دووەم بردنەوەی تۆمارکرد و کۆی خاڵەکانی بۆ شەش خاڵ بەرزکردەوە و سویسرا، تامی یەکەم دۆراندنی چێشت و خاڵەکانی لە سێ خاڵ مایەوە.
کێبڕکێی نیوەی یەکەمی یارییەکە بەزۆری لە ناوەڕاستی یاریگاکە بوو و هەردوو هەڵبژاردە نەیانتوانی مەترسییەکی بەرچاو بۆسەر گۆڵی یەکتر درووست بکەن و بە بێ گۆڵ کۆتایی هات.
لە خولەکی ٦٤ی یارییەکەدا هەڵبژاردەی بەڕازیل گۆڵێکی لە رێگەی ڤینیسوس جۆنیۆر تۆمارکرد بەڵام سستەمی ڤار نەیهێشت خۆشییەکەیان تاسەر بێت و گۆڵەکەی بە بیانووی ئۆفساید هەژمار نەکرد.
یاریزانانی بەڕازیل بەردەوامبوون لە هێرشەکان و فشاری زیاتریان خستە سەر هێڵی بەرگری و گۆڵپارێزی سویسرا تاکو لە خولەکی ٨٣دا کازیمیرۆ شووتێکی بەهێزی لێدا و تۆڕی سویسرای هەژاند و بۆردی ئەنجامەکانی بۆ ١- ٠ گۆڕی.
کۆتا خولەکەکانی یارییەکە هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر ئەنجامەکە رووینەدا و هەڵبژاردەی بەڕازیل دووەم بردنەوەی لە مۆندیالی قەتەر ٢٠٢٢ تۆمارکرد و سەرکەوتنی بۆ قۆناغی ١٦ مسۆگەر کرد.
هاوکات، ئەستێرەی یانەی پاریس سان جیرمان، نەیمار بەهۆی پێکانی قاچیەوە نەیتوانی لە یارییەکە بەشداری بکات.
یارییەکە لە یاریگای ٩٧٤ و بە ئامادەبوونی ٤٣ هەزار ٦٩٤ هاندەر بەڕێوەچوو.