دۆحە – AA
هەڵبژاردەی ئەرژەنتین کە یەکێکە پاڵێوراوە بەهێزەکان بۆ بەدەستهێنانی جامی مۆندیالی قەتەر ٢٠٢٢، سبەی لە دووەم یاریی گرووپی C دا رووبەڕووی هەڵبژاردەی مەکسیک دەبێتەوە.
یارییەکە کاتژمیر ٢٢:٠٠ لە یاریگای لوسیل دەست پێدەکات و لەلایەن ناوبژیوانی ئیتاڵی دانێللی ئۆرساتۆوە بەڕێوەدەبردرێت.
هەڵبژاردەی تانگۆ کە لە یەکەم یاریدا بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر بە ئەنجامی ٢-١ بە هەڵبژاردەی سعوودیە دۆڕا، لە یارییەکەی سبەیدا بۆ یەکەم بردنەوەی لە مۆندیال یاریی دەکات.
هاوکات هەڵبژاردەی مەکسیکیش، لە یاریی یەکەمیدا بەبێ گۆڵ لەگەڵ هەڵبژاردەی پۆڵەندا یەکسان بوو.
هەردوو هەڵبژاردە سێ جار لە مێژووی جامی جیهانییدا رووبەڕووی یەک بوونەتەوە و لە هەر سێ یارییەکەدا ئەرژەنتین براوە بووە.