Zana Natık Kerem
04 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 05 کانوونی یەکەم 2022
هەولێر – AA
له میانی دووەم یارییهكانی قۆناغی ١٦ی جامی جیهانیی ٢٠٢٢ له قهتهر، ههڵبژاردهی ئەرجەنتین بە ئەنجامی ٢-١ لە هەڵبژاردەی ئوسترالیای بردهوه و گەیشتە قۆناغی چارهكی كۆتایی.
کاتژمێر١٠:٠٠ شەوی رابردووە لە دووەم یارییهكانی قۆناغی ١٦ی جامی جیهانییدا، ههڵبژاردهی ئەرجەنتین و هەڵبژاردەی ئوسترالیا لە یاریگای "نێودەوڵەتیی خەلیفە" رووبەڕووی یەکتر بوونەوە.
لەگەڵ دەست پێ کردنی یارییەکە، یاریزانانی هەردوو هەڵبژاردە زۆر بە هەستیارییەوە یارییان کرد و چەندین هێرشیان بۆسەر گۆڵی یەکتر ئەنجام دا.
یاریزانی ههڵبژاردهی ئەرجەنتین، لیۆنێل مێسی لە خولەکی ٣٥ی گێمی یەکەمی یارییەکەدا، گۆڵیکی تۆمار کرد و هەڵبژاردەکەی پێشخست.
لە گێمی دووەمی یارییەکەدا، یاریزانانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بەهێز دەرکەتوون و فشاری زۆریان بۆسەر گۆڵی هەڵبژاردەی ئوسترالیا دروست کرد و یاریزانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، جولیان ئەلڤارێز لە خولەکی ٥٧ی گێمی دووەمی یارییەکەدا، دووەم گۆڵی تۆمار کرد و هەڵبژاردەکەی کردە خاوەن دوو گۆڵ.
دواتر لە خولەکی ٧٧ی گێمی دووەمی یارییەکەدا، یاریزانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، ئینزۆ فرناندێز بەهەڵە گۆڵێکی لە خۆیان تۆمارکرد و هەڵبژاردەی ئوسترالیای کردە خاوەن گۆڵێک.
یارییەکەیش بە ئەنجامی ٢-١ لە بەرژەوەندی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین کۆتایی هات.
بەو ئەنجامەیش هەڵبژاردەی ئەرجەنتین وەک دووەم هەڵبژاردە خۆی گەیاندە قۆناغی چارهكی كۆتایی پاڵەوانێتییەکە و هەڵبژاردەی ئوسترالیایش ماڵئاوایی کرد.
دوێنێ شەممە لە میانی یەکەم یارییهكانی قۆناغی ١٦ی جامی جیهانیی ٢٠٢٢ له قهتهر، ههڵبژاردهی هۆڵهندا بە ئەنجامی ٣-١ لە ههڵبژاردهی ئهمریكای بردهوه و وەک یەکەم ههڵبژارده خۆی گەیاندە قۆناغی چارهكی كۆتایی.