Sangar Hamad Azeez
13 شوبات 2018•نوێکردنەوە: 15 شوبات 2018
جنێف - AA
ئەستێرەکانی تۆپی پێی جیهان بە سپۆسنەری نەتەوە یەکگرتووەکان یارییەکی دۆستانە ئەنجام دەدەن و داهاتەکەیشی بۆ کاری خێرخوازی تەرخان دەکرێت.
دوای ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک لە نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێف بەرپرسی نوسینگەکە، مایکڵ مۆلەر و سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی ئەورووپا، ئەلیکساندەر جێفرین راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و تیایدا رایانگەیاند کە ٢١ی نیسانی داهاتوو یارییەکی خێرخوازی بە بەشداری ئەستێرەکانی تۆپی پێی ئەنجام دەدرێت و داهاتەکەشی بۆ منداڵە بێ سەرپەرشتەکان تەرخان دەکرێت.
ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی پڕتوگال و راوێژکاری یوفا، لویس فیگۆ رایگەیاند کە لەمڕۆوە دەست فرۆشتنی بلیتی ئەو یارییە دەکرێت.
لویس فیگۆ رایگەیاند کە یارییەکە بە سەرکردایەتی خۆی و رۆناڵدینهۆ دەبێت، تاوەکو ئێستا هەریەک لە یاریزانان ئێریک ئەبیدال، کافو، یوری جۆرکایف، ئەلێکس فرەی، لویس گاریا، نونۆ گۆمێز، کریستیان کارەمبیو، فێرناندۆ هێرۆ، یاری لیتمانێن، کایزکا مێندێتا، رۆبەرت پیرێس، جیلیا ساسیچ و دەیڤد ترێزیگێت ئامادەییان نیشانداوە کە بەشداری لە یارییەکەدا بکەن.
ناوبراو گوتیشی کە لە ئایندەدا داوا لە ئەستێرەکانی دیکەی تۆپی پێ دەکەن کە بەشداری لە یارییەکەدا بکەن.