Zana Natık Kerem
09 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 11 ئاب 2017
دۆحە ــ AA
حكوومەتی قەتەر رایگەیاند كە رێگە بە هاووڵاتییانی ٨٠ وڵات دەدات بە بێ ڤیزە سەردانی ئەو وڵاتە بكەن.
ئەمە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا هات كە سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار، هێڵی ئاسمانی قەتەر و وەزارەتی ناخۆ لە دۆحە سازیان كرد.
سەرۆكی كەرتی گەشەپێدانی گەشتوگوزار لە دەستەی گەشتوگوزاری قەتەر، حەسەن ئیبراهیمی گوتی: "قەتەر لە بواری گەشتوگوزاردا، هەنگاوێكی مێژووی ناوە بەوەی کە رێگە بە هاووڵاتییانی ٨٠ وڵات دەدات بە بێ ڤیزە سەردانی قەتەر بكەن".
حەسەن ئیبراهیمی روونشیكردەوە كە دیاریكردنی رەگەزنامەی هاووڵاتییانی ئەو ٨٠ وڵاتە پشت بەستن بە پەیڕەوی پسپۆری بووە كە لە قۆناغەكانی داهاتوودا رەگەزنامەی هاووڵاتییانی وڵاتانی دیكە زیاد دەكرێت.
لای خۆیەوە بەڕێوەبەری كارگێڕی پاسپۆرتی فڕۆكەخانە، عەقید محەمەد راشد مەزروعی رایگەیاند كە هاووڵاتییانی ئەو ٨٠ وڵاتە لە كاتی هاتنیان بۆ قەتەر، باج نادەن.