Muhammed Karim Saedgul
14 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 14 کانوونی یەکەم 2022
هەولێر – AA
لە میانی یارییەکانی قۆناغی نیوەی کۆتایی جامی جیهانیی فیفا ٢٠٢٢ لە قەتەر هەڵبژاردەی ئەرژەنتین بە ئەنجامی سێ گۆڵی بێبەرامبەر لە هەڵبژاردەی کرواتیا-ی بردەوە.
هەڵبژاردەی ئەرژەنتین، لە یارییەکەی یاریگای لوسێل و لەبەردەم زیاتر لە ٨٨ هەزار هاندەر بۆ بردنەوە و تۆڵەی دۆڕاندنەکەی ساڵی ٢٠١٨ی مۆندیالی رووسیا هاتە نێو یاریگاوە.
لە بەرامبەردا هەڵبژاردەی کرواتیا، بە پشتبەستن بە تواناکانی مۆدریچ و لیفاکۆفیچ-ی گۆڵپارێزی و دووبارە کردنەوەی ئەنجامەکەی رووسیا دەستی بە یاری کرد.
مێسسی و هاوڕێکانی هەر لەیەکەم خولەکی یارییەکەوە بە هێز و ویستی تۆمارکردنی گۆڵی یەکەم یارییان کرد و ئەوەبوو لە خولەکی ٣٢دا جولیان ئالڤارێز پەناڵتییەکی بەدەستهێنا و مێسسی لە خولەکی ٣٤دا گۆڵی یەکەمی بۆ وڵاتەکەی تۆمار کرد.
لە خولەکی ٣٩دا جولیان ئالڤاریز، جارێکی دی دەرکەوتەوە و لە ناوەڕاستی یاریگاوە تۆپێکی برد و گۆڵی دووەمی بۆ ئەرژەنتین تۆمار کرد و نیوەی یەکەمی یارییەکە بەو ئەنجامە کۆتایی هات.
لە نیوەی دووەمی یارییەکەدا، سەرجەم هەوڵەکانی هەڵبژاردەی کرواتیا بێ ئەنجامبوون و تەنانەت هیچ مەترسییەکیان نەکردە سەر هێڵی بەرگریی ئەرژەنتین.
لە بەرامبەردا، یاریزانانی ئەرژەنتین دەیانویست ژمارەی گۆڵەکانیان زیاد بکەن و ئەوەبوو مێسسی لە خولەکی ٦٩دا تۆپێکی لە لای راستی گۆڵی کرواتیا برد و دوای دەرچوونی لە بەرگریکارەکان پاسێکی دایە جولیان ئالڤارێز و ئەویش گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی بۆ ئەرژەنتین تۆمار کرد.
لەو ماوەیەی کە مایەوە لە یارییەکە هیچ گۆڵێک تۆمار نەکرا و ئەرژەنتین بە ئەنجامی سێ گۆڵی بێبەرامبەر ناوی خۆی لە یاریی کۆتایی مۆندیالی قەتەر نووسی و چاوەڕێی براوەی یارییەکەی سبەینێی نیوان مەغریب و فەڕەنسا دەکات.
یاریی کۆتایی مۆندیال رۆژی یەکشەممە ١٨ی کانوونی یەکەم کاتژمێر شەشی ئێوارە لە یاریگای لوسێل بەڕێوەدەچێت.
ئەستێرەی هەڵبژاردەی ئەرژەنتین، لیۆنێل مێسسی بەو گۆڵەی ئەمڕۆی کۆی گۆڵەکانی لە مۆندیالەکان گەیاندە ١١ گۆڵ و بووە خاوەن زۆرترین گۆڵی هەڵبژاردەی ئەرژەنتین لە مێژووی مۆندیالدا.