Muthna Alahmad
16 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 16 حوزەیران 2021
ئیستانبوڵ - AA
هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران گەیشتە یارییەکانی پاڵەوانییەتی ئاسیا بۆ تۆپی پێ، دوای سەرکەوتنی بەسەر هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق.
لەچوارچێوەی یارییەکانی پاڵاوتنی وڵاتانی ئاسیا بۆ جامی جیھانی ٢٠٢٢ و جامی ئاسیا ٢٠٢٣، ھەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق روبەڕووی ھەڵبژاردەی ئێران بووەوە.
یارییەکە کە یاری گەڕانەوەی نێوان هەردوو هەڵبژاردە بوو، لە یاریگای عەلی بن حەمەد ئال خەلیفە لە شاری مەنامەى پایتەختی بەحرێن بەڕێوەچوو.
لە خولەکی ٣٥ی نيوەى یەکەمی یارییەکە، هێرشبەری هەڵبژاردەی ئێران، سەردار ئەزموون گولێکی بۆ هەڵبژاردەکەی تۆمار کرد.
لە نيوەى دووەمی یارییەکەدا هیچ لایەک نەیانتوانی گوڵ تۆمار بکەن و بەمەش یارییەکە بە بردنەوەی ئێران بە گوڵێکی بێ بەرامبەر کۆتایی هات.
وێڕای ئەوەی عێراق لەم یارییەدا نەیتوانی بردنەوە تۆمار بکات بەڵام بەهۆى ئەوەى لە نێوان پێنج باشترين هەڵبژاردەى خاوەن پلەى دووەمى كۆمەڵەكان بوو، سەركەوتنى بۆ پاڵەوانییەتی ٢٠٢٣ ئاسيا و پاڵاوتنى مۆنديالى ٢٠٢٢ مسۆگەر كرد.
لە یارییەکی دیکەی هەمان کۆمەڵەدا، هەڵبژاردەی بەحرێن سەرکەوتنێکی گەورەی بەسەر هەڵبژاردەی هۆنگ کۆنگ تۆمارکرد و بە ئەنجامی چوار گوڵی بێ بەرامبەر یارییەکەی لە بەرژەوەندی خۆی كۆتايى پێهێنا.
بەم ئەنجامەش ئێران بە کۆکردنەوەی ١٩ خاڵ پێشەنگی کۆمەڵەکەی بۆخۆی مسۆگەر کرد و هەڵبژاردەی عێراق بە کۆکردنەوەی ١٧ خاڵ لە ریزبەندی دووەم و هەڵبژاردەی بەحرێن بە ١٥ خاڵ لە ریزبەندی سێیەمی کۆمەڵەدایە و هەڵبژاردەی هۆنگ کۆنگ بە پێنج خاڵ لە ریزبەندی چوارەم و هەڵبژاردەی کەمبۆدیا بە کۆکردنەوەی تەنها یەک خاڵ لە ریزبەندی پێنجەم و کۆتایی کۆمەڵەکەدایە.