Mehmet Yusuf Melikoğlu
04 تشرینی یەکەم 2023•نوێکردنەوە: 05 تشرینی یەکەم 2023
ئیستانبوڵ - AA
کڵێسای مۆر ئەفرەم سریانی ئۆرتۆدۆکسی دێرین، کە دوای دابینکردنی شوێن بۆی لەسەر خواستی کۆمەڵەی سریانی، لە ڕێوڕەسمێکدا لە ساڵی ٢٠١٩دا بە بەشداری سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بەردی بناغەکەی دانرا، ڕۆژی یەک شەممە، هەشتی تشرینی یەکەم، لە ڕێوڕەسمێکدا دەکرێتەوە.
سەبارەت بە کردنەوەی کڵێساکە، کە لە زەویەکی گۆڕستانی لاتین کاتۆلیک لە ناوچەی یەشیلکۆی ئیستانبوڵ بنیات دەنرێت، سەرۆکی وەقفی سریانی دێرین لە ئیستانبوڵ، سەعید سوسین، باسی لەوە کرد کە هەست بە جۆشوخرۆشێکی زۆر دەکەن بۆ کردنەوەی کڵێساکە.
سوسین باسی لەوە کرد کە ماوەی دروستکردنی کڵێساکە ١٠ ساڵی خایاندووە، ئەو ماوەیەش حەوت ساڵی بە هەندێک ڕێکاری یاسایی تێپەڕیوە.
هەروەها سوسین باسی لەوە کرد کە کڵێساکە لە ڕێوڕەسمێکدا لە ساڵی ٢٠١٩دا بە ئامادەبوونی سەرکۆماری ئەردۆغان بەردی بناغەکەی دانراوە و، گوتی: ''لە ١٩ی شوباتدا دەمانکردەوە، بەڵام بوومەلەرزەکانی شەشی شوبات ڕایگرتین. ئازارێکی زۆر گەورە بوو بۆ وڵات. نەدەکرا لە دۆخێکی لەو شێوەیەدا بیکەینەوە، دواتر ڕەمەزان و جەژنەکانی بەسەردا هات. کردنەوەکەی کەوتووەتە ڕۆژی یەک شەممە. پشتیوان بەخودا دووبارە بە ئامادەبوونی سەرکۆمارمان ڕێوڕەسمی کردنەوەکەی ئەنجام دەدەین. بێگومان زۆر دڵخۆشین''.
سوسین ڕاشیگەیاند کە لە کردنەوەی کڵێساکەدا نوێنەری پاتریارکیش و خەڵکێکی زۆر لە ناو و دەرەوە بەشدار دەبن.
لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی کڵێساکەدا کە بەرپرسانی حکوومیش تێدا بەشدار دەبن، بەشداربووان دەتوانن لە نهۆمی سەرەوە دابنیشن و شوێنی ٧٥٠ کەسیش کراوەتەوە کە لە یەک کاتدا دەتوانن نزا بکەن.
سوسین ئاماژەی بەوەشدا کە لەسەر موڵکی کڵیساکەیان، هیچ کڵێسایەکی دیکەیان نییە جگە لەوەی بەیئۆغڵو و بۆیەش بوونی کڵێسایەکی وای لە یەشیلکوی زۆر بە پێویست زانی.
ڕاشیگەیاند، هەر لەگەڵ کردنەوەی کڵێساکە، لە یەکم ڕۆژی یەکشەممەدا، کڵێساکە بە ڕووی سەردانیکەران و نزاکاراندا دەکرێتەوە.
نهۆمێک لە پێنج نهۆمی کڵێساکە تایبەت کراوە بە هۆڵێکی ڕۆشنبیری و تێدا ڕێوڕەسمە تایبەتەکان لەوانەش زەماوەند، سەرەخۆشی، کۆبوونەوە و کۆنفرانسەکانی تێدا ئەنجام دەدرێت.
کڵێساکە هەروەها شوێنی دانیشتنی میوانان، گەراجی ئۆتۆمبێل و بەشی تایبەت بۆ خزمەتگوزارییەکانی دیکەشی تێدا دیاری کراوە.