Betül Yürük,Ramal Abdullah Mahmood
06 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 06 تشرینی دووەم 2017
نیویۆرک – AA
ناسنامەی ئەو کەسە ئاشکرا بوو کە بە چەک هێرشی کردە سەر کڵێسایەکی ویلایەتی تێکساس باشووری ئەمریکا و بە هۆیەوە، ٢٦ کەس بوونە قوربانی.
میدیاکانی ئەمریکا پشتبەستن بە سەرچاوەکانی پۆلیس بڵاویان کردەوە ئەنجامدەری هێرشەکە، کەسێکی سپیپێستە بە ناوی دەڤین پاتریک و تەمەنی ٢٦ ساڵە.
فەرمانڕەوای ویلایەتی تێکساس، گریگگ ئەبۆت لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ژمارەی کوژراوان ٢٦ کەسە.
پێشتر بە میدیا خۆجێیەکان راگەیەنرابوو کە ژمارەی کوژراوان، ٢٧ کەسە.
بەرپرس لە ئاسایشی گشتیی تێکساس، فرێمان مارتینیش رایگەیاند لەناو کڵێساکەدا، ٢٣ کەس و لە دەرەوەی کڵێساکە دوو کەس و کەسێکیش لەو نەخۆشخانەیەی کە بۆی گوازراوەتەوە گیانی لەدەست داوە.
مارتین ئاماژەی بەوە دا ئەنجامدەری هێرشەکە جلی رەشی پۆشیووە و هێلەگی گولـلەنەبڕی لەبەر بووە و گوتی: "دوای ئەوەی لە شوێنی رووداوەکە چەکەکەی لێ دەکەوێت را دەکات و لە ئۆتۆمبێلەکەیدا بە مردوویی دەدۆزرێتەوە، ئەوەش دەری دەخات یان خۆی خۆی کوشتووە یاخود لە لایەن یەکێک لە دانیشتوانی گەڕەکەکە پێکراوە و کوژراوە".
شەوی رابردوو کەسێک دەستڕێژی گولـلەی لە ئامادەبووانی ناو کلێسایەکی ناوچەی سوتیرلاند سپرینگس کرد و لە ئاکامدا ٢٦ کەس کوژران و زیاتر لە ٢٠ی دیکەش بریندار بوون.