Ahmet Alp Özden
27 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 27 تشرینی یەکەم 2020
ئەنقەرە - AA
سەرۆکی گشتیی جەهەپە، کەمال کڵچدارئۆغڵو رەخنەی گرت لە بانگهێشتنەکردنی سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵ بۆ ئەو کۆبوونەوەیەی لەبارەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بەڕێوەچوو و رایگەیاند ''ئەوە دروست نییە و ئەخلاقییش نییە''.
کەمال کڵچدارئۆغڵو لە میانی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە پەرلەمان، گوتارێکی پێشکەش کرد.
سەرۆکی گشتیی جەهەپە، کەمال کڵچدارئۆغڵو باسی لەوە کرد کە تیرۆر لە هەر شوێن و لە هەر کەسێکەوە بێت پێویستە هەڵوێستێکی هاوبەش نیشانبدرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی و گوتی: ''تیرۆر پارت، ناسنامە و باوەڕی نییە. چونکە ئامانجی سەرەکی تیرۆر لەناوبردنی مرۆڤە. لەبەرئەوە ناچارین هەموو بەیەکەوە دژبە کردەی تیرۆریستیی بوەستینەوە. بەتایبەتی تورکیا ناچارە یەک دەست بێت کە ٤٠ ساڵە قوربانیی دەدات''.
کەمال کڵچدارئۆغڵو جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە بە قۆناغی پەتاکەدا تێدەپەڕن و ئەو پەتایەش نە ناسنامەی هەیە نە پارت و گوتی: ''لەبەرئەوە پێویستە بە یەک دەست بەرەنگاری پەتاکە ببینەوە. ئەگەر لێرەدا جیاکاری حزبایەتی بکەین، ئەوا گەورەترین زیان بەر خەڵک و دیموکراسییەکەمان دەگات''.
سەرۆکی گشتیی جەهەپە باسی لەوە کرد کە هەرگیز پشتگوێخستنی بەشێکی کۆمەڵگا کارێکی دروست نییە و گوتی: ''ئەگەر نەخۆشییەک، پەتایەک هەبێت ناچارین هەرچیەکمان لەدەست بێت ئەنجامی بدەین بۆ رزگارکردنی هەموو هاووڵاتییانمان. ئەوەی پێویست بێت لەم قۆناغەدا بکرێت بە حکوومەتمان راگەیاندووە، جا قبوڵ بکرێت یان نا. ئێمە بە بەرپرسیاریەتێکی گەورەوە کار دەکەین''.
کەمال کڵچدارئۆغڵو گوتیشی: ''لە ئیستانبوڵ کۆبوونەوەیەک لەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ دەکرێت. سەرۆکی گەورەشارەوانی ئیستانبوڵ بانگهێشتی ئەو کۆبوونەوەیە ناکرێت. بۆچی؟ لێرەدا شتێک هەیە کە هەرس ناکرێت؛ ناتوانن ئاشتیی و دیموکراسیی هەرس بکەن. کاک ئەکرەم بە دەنگی ئیستانبوڵییەکان بووەتە سەرۆکی شارەوانی. لە کاتێکدا کاک ئەکرەم کارەکەی خۆی دەکات 'ئایا گوتوویەتی ئەوانە لایەنگری ئاک پارتی-ین با سزایان بدەم، با خزمەتگوزاریان بۆ نەبەم؟ نەخێر. تەواو بە پێچەوانەوە خزمەتی هەموو هاووڵاتییانی بە یەکسانی کردووە، بەڵام پارێزگاری ئیستانبوڵ کۆبوونەوە لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ دەکات و سەرۆکی گەورە شارەوانی ئیستانبوڵ بانگهێشت ناکات. ئەو دروست نییە و ئەخلاقییش نییە''.