Halil Şahin,Efsun Erbalaban Yılmaz
14 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 14 تەمووز 2021
مانیسا - AA
وەزیری ناوخۆی تورکیا، سولەیمان سۆیڵو ئاماژەی بەوە کرد کە بەبێ ئەوەی زیان بە گیانی کەس بکەوێت لە ساڵی ٢٠٢١دا، رێگرییان کردووە لە ٩٧ کردەی رێکخراوی تیرۆريستیى پەکەکە، سێ کردەی رێکخراوی تیرۆريستیى داعش و یەک کردەی رێکخراوی تیرۆريستیى چەپڕەوی توندئاژۆ و رایگەیاند "لە دوای ١٥ی تەمووز، ١٣٥ هەزار و ٩١٦ ئۆپەراسیۆنمان کردووەتە سەر فەتۆ و ٣١٢ هەزار و ١٢١ دەستگیرکردنمان ئەنجامداوە. لە هەمان ماوەدا، هەزار و ٥٢٣ داعشمان لە چالاکی خستووە".
سولەیمان سۆیڵو لە میانی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمێکی دەرچوونی خولێکی سەربازییدا لە فەرماندەیی فەوجی شەشەمی مەشقی کۆماندۆی جەندرمە لە کرکئاغاچ، گوتارێکی پێشکەش کرد.
وەزیری ناوخۆی تورکیا لە گوتارەکەیدا، باسی لەوە کرد کە دوو هەزار و ١٢١ کەس کە بە درێژایی ٢٢ هەفتە مەشق و راهێنانیان کردووە دەرچوون و گوتی: ''ئێمە راهێنانمان بە ئێوە نەکردووە تەنیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ٢٤٠ کەسەی پەکەکە کە لەناو سنوورەکانمان ماون و ناتوانن لە ئەشکەوتەکان دەرچن. ئێمە مەشقمان بەئێوە نەکردووە تەنیا بۆ دەستگیرکردنی قاچاخچێتی لە ئیجە و دەریای ناوەڕاست. ئێمە مەشقمان بە ئێوە کردووە لەبەرئەوەی کە مرۆڤایەتی پێویستی بەم رۆڵانەی گەل هەیە''.
سولەیمان سۆیڵو ئاماژەی بەوە کرد کە رەهەندی ئەو بابەتانەی تورکیا پێیانەوە سەرقاڵە لە وڵاتانی دیکە جیاوازە لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠١٩ لە ئەڵمانیا دەست بەسەر ٢٩٨ کیلۆ هیرۆیندا گیراوە لە تورکیا دەست بەسەر ٢٠ تۆندا گیراوە و لە کاتێکدا لە بەریتانیا دەست بەسەر ٧١٣ هەزار حەبی خۆشی هێنان "ectasy"دا گیراوە لە تورکیا، هەشت ملیۆن و ٦٠٠ هەزار حەب دەستی بەسەردا گیراوە، لەبەرئەوە هێزی رێکخستنی جەندرمە لە تورکیا بێ وێنەیە.
گوتیشی: ''ئەو هێزانە بەبێ گوێدانە پلەکانی گەرما کە لە هاویندا، ٤٠ پلەی سەدیە و لە زستانیشدا، ٣٥ پلە خوار سفری سەدیە و بەبێ گوێدانە پەتا تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٠دا، ١٨ هەزار و ٦٢٣ ئۆپەراسیۆنیان ئەنجامداوە''.
وەزیری ناوخۆی تورکیا باسی لەوە کرد ژمارەی جەندرمە کە لە ١٥ی تەمووزدا ١٣٩ هەزار بوو، بەرزبووەتەوە بۆ ١٩٧ هەزار و لە ساڵی ٢٠١٦ەوە تا ئەمڕۆ ١١٠ هەزار کارمەندی نوێ وەرگیراون.
سولەیمان سۆیڵو گوتیشی: ''لە دوای ١٥ی تەمووزەوە لە پەیکەربەندی وەزارەتی ناوخۆدا، ٣٧٦ هەزار و ١١٦ ئۆپەراسیۆنمان کردووەتە سەر پەکەکە لە شار و گوندەوارەکاندا، لەگەڵ ئەو ئۆپەراسیۆنانەی جەندرمە تەنیا ئەمساڵ ٧٠ هەزار و ٤٧١ ئۆپەراسیۆنمان کردووەتە سەر پەکەکە، هەروەها لە ١٥ی تەمووزەوە تا ئەمڕۆ، شەش هەزار و ٢٨٦ تیرۆریستیی پەکەکەمان لە ناوخۆی وڵاتدا لە چالاکی خستووە. هەر لە ١٥ی تەمووزەوە تا ئەمڕۆ، حەوت هەزار و ٢٧٦ حەشارگەمان لە شاخەکاندا بەسەر تیرۆریستاندا رووخاندووە''.
وەزیری ناوخۆی تورکیا هەروەها باسی لەوە کرد کە لە ١٥ی تەمووزەوە تا ئەمڕۆ، ٩٣٢ تیرۆریستی پەکەکە بە رێگای قایلکردن خۆیان رادەستکردووەتەوە و ژمارەی ئەوانەشی خۆیان خۆیان رادەستکردووەتەوە هەزار و ٦٣٤ کەسن و گوتی: ''لە رابردوودا ساڵانە زیاتر لە پێنج هەزار کەس پەیوەندیان بەو پەکەکە ناپاکەوە دەکرد. بەشێوەیەک گەمارۆمانداوە و توانای جووڵەیمان تەسک کردووەتەوە، ساڵی رابردوو تەنیا ٥٣ کەس پەیوەندیان پێوە کردووە، ئەمساڵیش تا ئێستا لە دەرەوەی وڵاتەوە، پێنج کەس و لە ناوخۆی تورکیاش تەنیا ١٩ کەس پەیوەندیان پێوە کردووە. سەرچاوەکانی پەکەکەمان وشککردووە''.
هاوکات سولەیمان سۆیڵو باسی لەوە کرد کە تەنیا پەکەکەیان تەواونەکردووە، بەڵکو هەموو رێکخراوە تیرۆریستییەکان تووشی هەمان شکست بوون و گوتی: "لە ساڵی ٢٠٢١دا، رێگریمان کرد لە ٩٧ کردەی پەکەکە، سێ کردەی رێکخراوی تیرۆريستیى داعش و یەک کردەی رێکخراوی تیرۆريستیى چەپڕەوی توندئاژۆ. واتا پشتیوان بەخوا بەبێ ئەوەی زیان بە گیانی کەس بکەوێت رێگریمان کرد لە ١٠١ کردە. لە دوای ١٥ی تەمووز، ١٣٥ هەزار و ٩١٦ ئۆپەراسیۆنمان کردووەتە سەر فەتۆ و ٣١٢ هەزار و ١٢١ دەستگیرکردنمان ئەنجامداوە. لە هەمان ماوەدا، هەزار و ٥٢٣ داعشمان لە چالاکی خستووە. دژبە ماددەی هۆشبەر بەرەنگارییەکی وامان کردووە کە ساڵی رابردوودا، بە بەهای ١٦٥ ملیار لیرە دەستمان بەسەر ماددەی هۆشبەردا گرتووە".