Abdullah Shukur
03 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 04 حوزەیران 2017
ماردین - AA
وەزیری ناوخۆی تورکیا سولەیمان سۆیلو رایگەیاند کە بە بەشداری ١٠ ھەزار سەرباز و پۆلیس، ئۆپەراسیۆنی دژی پەکەکە لە شارۆچکەی لیجەی سەر بە پارێزگای دیاربەکر ئەنجام دەدەن.
بەمەبەستی ئەنجامدانی چەند کۆبوونەوەیەکی جیا، وەزیری ناوخۆی تورکیا سولەیمان سۆیلو سەردانی شاری ماردینی کرد و بە ئامادەبوونی سێ ھەزار و ٥٠٠ کەس بەشداری لە خوانێکی بەربانگ کرد کە لەلایەن پارێزگا و شارەوانی گەورەی ماردین رێکخرابوو.
سۆیلو لەو شوێنە وتارێکی پێشکەش کرد و باسی لەو ئۆپەراسیۆنە کرد کە ئێستا لە شارۆچکەی لیجە لە دژی چەکدارانی پەکەکە بەڕێوەدەچێ.
سۆیلو گوتی: "بە بەشداری ١٠ ھەزار کەس لە لجێ ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدەین. لەلایەک ھێزەکانی جەندرمە و لەلایەکی دیکەش ھێزە تایبەتییەکان و پاسەوانانی گوند لە ناوچەکانی دەورپشتی بینگۆل تا لیجە و لەوێشەوە بۆ ناوچەی کۆجاکۆی تا خانێ ھەوڵی خۆیان خستووەتە گەڕ بەمەبەستی ئاسوودەیی و برایەتی و یەکریزی ھەموومان".
سۆیلۆ جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەو شارەوانیانەی ھەدەپە کە گۆڕدراون و کەسانی دیکەیان تێدا دامەزراندووە، خزمەتی گەورەیان پێشکەش کردووە. گوتیشی: "خزمەتگوزاری دروستکردنی رێگا و پارک و رێوڕەوی ئاوەڕۆ پێشکەش بە ھاوڵاتیانمان دەکەین. پارە خەرجکراوەکان ناچێ بۆ تیرۆر، خەرج ناکرێ بۆ ھەڵکەندنی خەندەق و چاڵ. بەڵکو ئەم پارانە بۆ خزمەتی گەل خەرج دەکرێن".