Zana Natık Kerem
08 تشرینی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 11 تشرینی دووەم 2018
ئیستانبوڵ ــ AA
سەرۆکی نوێی یەکێتیی زانایانی موسڵمانانی جیھان، ئەحمەد رەیسونی رایگەیاند کە کوژرانی رۆژنامەوانی سعوودی، جەمال خاشقجی پرسێکی عەرەبی، ئیسلامی، مرۆڤایەتی و جیھانییە.
دوێنێ چوارشەممە، ئەحمەد رەیسونی بەڕەگەز مەغریبی لە شوێنی دکتۆر یوسف قەرەزاوی وەک سەرۆکی یەکێتیی زانایانی موسڵمانانی جیھان ھەڵبژێردرا.
ئەحمەد رەیسونی لە پەراوێزی کۆتایی خولی پێنجەھەمینی کارو چالاکییەکانی یەکێتیی زانایانی موسڵمانانی جیھان لە ئیستانبوڵ لە بارەی کوژرانی جەمال خاشقجی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دوا.
سەرۆکی نوێی یەکێتیی زانایانی موسڵمانانی جیھان، ئەحمەد رەیسونی گوتی: "پرسی کوژرانی جەمال خاشقجی ھەموو جیھانی بە خۆیەوە سەرقاڵکردووە، چونکە ئەو پرسە تەنھا پرسی یەکێتیی زانایانی موسڵمانانی جیھان نییە، بەڵکو پرسێکی ویژدانی جیھانییە و کۆماری تورکیا و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە دەکەن".
ناوبراو جەختی لەوەشکردووە کە پرسی کوژرانی جەمال خاشقجی، گرنگی تەواوی پێ دراوە لەبەرئەوەی کە پرسێکی عەرەبی، ئیسلامی، مرۆڤایەتی و جیھانییە.
دوای ئەوەی لە دووی تشرینی یەکەمی رابردوو نووسەری رۆژنامەی واشنتۆن پۆست و نووسەری سعوودی، جەمال خاشقجی بۆ مامەڵەیەکی فەرمی سەردانی کۆنسولخانەی وڵاتەکەی کرد لە ئیستانبوڵ، بێ سەروشوێن بوو و جارێکی دیکە نەبینرایەوە.
دوای ١٨ رۆژ لەو رووداوە، بەرپرسانی سعوودیە کوژرانی جەمال خاشقجی-یان لەنێو باڵەخانەی کۆنسولخانەکەدا راگەیاند و تا ئێستا شوێنی تەرمی ناوبراو نازاندرێت.