Yusuf Aydın Deniz,Muhammet Ali Kemal
24 تشرینی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 24 تشرینی یەکەم 2018
ئەنقەرە - AA
- وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار میوانی دیسکی سەرنووسەرانی ئاژانسی ئانادۆڵو بوو، وەڵامی پرسیارەکانی پەیوەست بە بابەتەکانی رۆژەڤی دایەوە و روونکردنەوە لەبارەی دوایین پێشهاتەکانەوە دا.
له‌باره‌ی مشتومڕه‌كانی پەیوەست بە بەرزکردنەوەی ئاستی سنوورە ئاوییەکان تا ١٢ میل له دەریای ئیجه‌دا، توركیا خولوسی ئاكار رایگه‌یاند "ئه‌گه‌ر بڕیارێك بدرێت له دژی ماف و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی توركیا له به‌رامبه‌ریدا رێوشوێنی پێویست ده‌گرینه به‌ر. هیوامان ئه‌وه‌یه ده‌ستدرێژی نه‌كرێته سه‌ر مافی یه‌كتر، رێز له رێككه‌وتنه‌كان بگیرێت و ژیری باڵاده‌ستبێت".
گوتیشی: "ئەگەر بێت و بڕیارێک بدەن کە دژی رێککەوتننامەکان، یاسا نێودەوڵەتیەکان و پەیوەندیی باشی دراوسێیەتی بێت، ئەوا ئەوەی ئێمە دەیکەین روون و ئاشکرایە و هەڵوێستمان دیارە. هەموو جۆرە رێکارێکمان هەیە. دەمەوێت هەمووان ئەوە بزانن کە لەوبارەیەوە بەهیچ شێوەیەک رێگا بە هیچ دیفاکتۆیەک نادەین".
لەبارەی گێچه‌ڵكردن به كه‌شتی توركی له خۆرهه‌ڵاتی ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست، ئاکار رایگەیاند: "كه‌شتییه جه‌نگییه‌كانمان له ناوچه‌كه‌دا رێوشوێنی پاراستنی پێویستیان ده‌سته‌به‌ركردووه. هه‌رگیز رێگا به گێچه‌ڵێكی نوێ ناده‌ین".
گوتیشی: "هیچ پڕۆژه‌یه‌ك كه توركیا و كۆماری توركی قوبرسی باكووری تیادا نه‌بێت، توانا و ئه‌گه‌ری سه‌ركه‌وتنی نییه له‌و ناوچه‌یه".
وەزیری بەرگری تورکیا رووی دەمی لە یۆنان کرد و گوتی: "بەسوود دەبێت ئەگەر دراوسێیەکەمان ئەم رووداوانە لەگەڵ تورکیادا لە نیگەرانییەکانی سیاسەتی ناوخۆ بباتە دەرەوە".
هەروەها گوتی: "ئێمه سه‌ره‌تا به‌رده‌وامیی به هه‌وڵه‌كانمان ده‌ده‌ین له باره‌ی ئه‌وه‌ی سوپاكه‌مان، هێزه چه‌كداره‌كانمان توانای سنووردانانی هه‌بێت. به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌وه نین بابهتهكان بگۆڕێن بۆ پێكدادان، له‌گه‌ڵ چاره‌سه‌ركردنی بابهتهكانین به رێگای گفتوگۆ و به‌شێوازی ئاشتیی".
خولوسی ئاکار دواتر لەبارەی قۆناغی ئیدلبەوە دوا و رایگەیاند "رۆژی شەممە دەرفەتی ئەوەمان دەبێت کە لەگەڵ وەزیری بەرگریی رووسیا، شۆیگودا، ئەم بابەتە و بابەتەکانی دیکە بە وردەکارییەکانیانەوە، تاوتوێبکەین و هەربۆیەش چاوەڕوانین کە کارەکانمان لەوێ بە سەرکەوتنێکی زیاترەوە درێژەیان هەبێت".
گوتیشی: "لە ئیدلب چەکە قورسەکان و گرووپە رادیکاڵەکان لە رێڕەوە ١٥-٢٠ کیلۆمەترییەکە کشێنراونەتەوە. پێشێلکاریی ئاگربەست بەرێژەی لەسەدا ٩٠ کەمبووەتەوە".
لەبارەی هێزی سەربازیی وڵاتەکەشییەوە رایگەیاند "دوای هه‌وڵی كوده‌تا ناپاكانهكهی ١٥ی تهمووز دووچاری هه‌ندێك كێشه بووینه‌وه، به‌ڵام بینیمان کە بە پێچەوانەوە به راماڵینی ناپاكەکان هه‌ست بهبههێزبوون ده‌كه‌ین".
ئاکار سەبارەت بە نەخشەرێگای منبج دوا و گوتی: "ده‌ستپێكردنی چالاكی گه‌ڕان و ده‌ورییه‌ی یه‌كگرتوو كه سه‌ربازانی توركی-ئه‌مریكی ئه‌نجامی ده‌ده‌ن جێگای باسه. بۆ ئه‌وه‌ش ئاماده‌كاریی پێشوه‌خته و قۆناغی مه‌شق و راهێنان پێویسته. ئه‌و راهێنانه‌ش له ٩ی تشرینی یه‌كه‌مدا ده‌ستیپێكرد. ئه‌و قۆناغه ئێستا له عه‌نتاب به‌رده‌وامه. ده‌توانم بڵێم دوای ته‌واوكردنی قۆناغی راهێنان (له منبج) چه‌ند رۆژێك لە ئامادەکاریی، ده‌ورییه‌ی یه‌كگرتووی هاوبه‌ش ده‌ست پێده‌كات".
لەبارەی ئەو چاڵانەی کە لە منبج هەڵکەنراون، ئاکار رایگەیاند "پێشتر لە ژمارەیەک لە شار و شارۆچکەکانمان لە چاڵەکاندا نێژران. هەمان شت لە عەفرینیش روویدا، لەوێش نێژران. دووبارە و بە رژدییەوە ئەم چالاکییانەیان لەئەمڕۆشماندا دووبارەدەکەنەوە. لە نزیکەوە چاودێریی بابەتەکە دەکەین. کە کات و شوێنی هات رێکارمان گرتووەتەبەر و لە داهاتووشدا دەیگرینەبەر".
وەزیری بەرگریی تورکیا جەختی لەوەکردەوە کە بەهیچ شێوەیەک رێگە بە راڕەوێکی تیرۆر لە باشووری وڵاتەکەیان نادەن و رایگەیاند: "هەرگیز رێگا بە رێڕەوێکی تیرۆر نادەین کە هەڕەشەبێت بۆ سەر ئاسایشی تورکیا کە، مەترسی و هەڕەشە دروست بکات بۆسەر خۆشگوزەرانیی و ئارامیی گەلەکەمان".
گوتیشی: "لە ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوراتدا، رووبەرێکی نزیکەی دوو هەزار کیلۆمەترمان لە تیرۆریستان پاککردەوە، سێ هەزار تیرۆریستی رادیکاڵی داعشمان لەوێ لە چالاکی خست".
دواتر خولوسی ئاکار لەبارەی سیستمی سەربازیی لە وڵاتەکەی دوا و رایگەیاند: "ئومێده‌وارم له داهاتوویه‌كی نزیكدا سیستەمێك بخه‌ینه بواری جێبه‌جێكردنه‌وه كه ده‌سته‌به‌ری ئه‌وه بكات هه‌موو كه‌س له گونجاوترین كاتدا سه‌ربازیی بكات. کارەکانمان سەبارەت بەوەی کە دەتوانین چی بکەین لە رووی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌وه، کاتێک کە لە روانگەی خزمەتی سەربازییەوە لێی دەڕوانین، له قۆناغی ته‌واوبووندان".
سەبارەت بە پێشكه‌شكردنی داواكاریی بۆ كڕینه‌وه‌ی خزمه‌تی سه‌ربازیی، ئاکار رایگەیاند "لقه سه‌ربازییه‌كانمان له‌و شوینانه‌ی پێویست ده‌كه‌ن 24 كاتژمێر كار ده‌كه‌ن. ده‌سته‌به‌ری ئه‌وه ده‌كه‌ن پێش ٣ی تشرینی دووه‌م هه‌موو داواكاریه‌كان ته‌واو بكه‌ین. ئه‌وانه‌ی تا ئه‌مرۆ وه‌سڵه‌كانیان گه‌یاندووه‌ته لقه سه‌ربازییەکان گه‌یشتووه‌ته ٣٧٧ههزار و ٤١٠ كه‌س".