چاوپێكه‌وتنی سه‌ركۆماری پاكستان عارف عه‌لوی له‌گه‌ڵ ئاژانسی ئانادۆڵو-دا
سه‌ركۆماری پاكستان عارف عه‌لوی: "بڕیارێکی حكوومه‌ته‌كه‌ی مۆدی (سه‌رۆكوه‌زیرانی هیندستان) کە له فه‌لسه‌فه‌ی گرووپی (RSS) نزیکە و خاوه‌ن بۆچوونی هیتله‌رن، ئێمه‌ی نیگه‌ران كردووه".
İslamabad
ئیسلام‌ئاباد - AA
سه‌ركۆماری پاكستان عارف عه‌لوی، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه هیندستان فشاری سیاسی دژی كه‌مینه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی ئه‌و وڵاته په‌یڕه‌و ده‌كات و رایگه‌یاند: "نزیكی حكوومه‌ته‌كه‌ی مۆدی (سه‌رۆكوه‌زیرانی هندستان) له فه‌لسه‌فه‌ی گرووپی (RSS) كه خاوه‌ن بۆچوونی هیتله‌رن له پاكتاویی نه‌ژادیی و كۆنترۆڵكردن و فشار خستنه‌سه‌ر كه‌مینه‌كان، ئێمه‌ی نیگه‌ران كردووه. ئه‌مڕۆ ده‌یانه‌وێت چوار ملیۆن مسوڵمان له جامو كشمیر و عه‌سام بێ نیشتمان بكه‌ن".
عارف عه‌لوی له‌باره‌ی پێشنیاری سه‌رۆكوه‌زیرانی مالیزیا مه‌هاتیر محه‌مه‌د بۆ هه‌ماهه‌نگیی پاكستان-مالیزیا-توركیا و په‌یوه‌ندییه دووقۆڵییه‌كانی توركیا-پاكستانه‌وه بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دوا.
پرسیار:- ئایا ئامانجی هیندستان چیه له هه‌ڵگرتنی پێگه‌ی تایبه‌تی جامو كشمیر و دابه‌شكردنی به‌سه‌ر دوو خاكی جیاجیادا؟ ئایا ئه‌گه‌ر هیندستان ئاماده نه‌بێت بۆ پابه‌ندبوون به بڕیاره‌كانی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانه‌وه بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه كه چه‌ندین ساڵه به‌رده‌وامه، ده‌كرێت په‌نا بۆ چ رێگایه‌ك ببرێت بۆ چارسه‌ر؟
وه‌ڵام: سه‌ره‌تا سوپاسی حكوومه‌تی كۆماری توركیا و گه‌له‌كه‌ی ده‌كه‌م كه هه‌میشه له هه‌ر پێویستییه‌كدا پاڵپشتی پاكستان بوون و بوێرییشیان نیشانداوه له‌باره‌ی مافه‌كانی كشمیره‌وه به‌پێی بڕیاره‌كانی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان.
سه‌رۆكوه‌زیرانی هیندستان جه‌واهیرلال نه‌هرو بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كشمیر چوو بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و به‌ڵێنیدا كه گه‌لی كشمیر به‌ئیراده‌ی خۆیان له گشتپرسییه‌كدا تا ساڵانی 1960ه‌كان بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسی خۆیان بده‌ن. به‌ڵام دواتر له‌به‌ڵێنه‌كه‌ی پاشگه‌ز بووه‌وه و له‌ته‌واوی كۆڕبه‌نده نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا ئه‌و بابه‌ته‌ی ره‌تكرده‌وه.
هێندستان ئێستا جموجووڵه‌كانی ئازادیی كشمیرییه‌كان به چالاكیی تیرۆرستی داده‌نێت. ئه‌م خه‌باتی ئازادییه كه نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانیش دانی به ره‌وایه‌تییه‌كه‌یدا ناوه، هیندستان ده‌یه‌وێت وه‌ك جووڵه‌ی تیرۆر رایبگه‌یه‌نێت. سه‌رباری ئه‌وه‌ش له‌كاتی رێككه‌وتنی 1972ی سیملاوه تا ئێستا، هیندستان له‌باره‌ی كشمیره‌وه یه‌ك كۆبوونه‌وه‌شی ئه‌نجامنه‌داوه و ئه‌مڕۆ ده‌ڵێت كشمیر پارچه‌یه‌كی هیندستانه كه لێی جیانابێته‌وه.
"نزیكی حكوومه‌ته‌كه‌ی مۆدی (سه‌رۆكوه‌زیرانی هندستان) له فه‌لسه‌فه‌ی گرووپی (RSS) كه خاوه‌ن بۆچوونی هیتله‌رن له پاكتاویی نه‌ژادیی و كۆنترۆڵكردن و فشار خستنه‌سه‌ر كه‌مینه‌كان، ئێمه‌ی نیگه‌ران كردووه. ئه‌مڕۆ ده‌یانه‌وێت چوار ملیۆن مسوڵمان له جامو كشمیر و عه‌سام بێ نیشتمان بكه‌ن. هه‌رچه‌نده نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان رایده‌گه‌یه‌نێت رێگه‌نادات هیچ كه‌س بێ نیشتمان بێت، مۆدی له‌ڕێگایه‌كی مه‌ترسیداردایه بۆ كردنه ئامانجی كه‌مینه‌كان.
پێویسته دووباره سوپاسی حكوومه‌تی توركیا و سه‌ركۆمار، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان بكه‌م. سوپاسی ده‌كه‌م كه له‌ڕۆژی په‌لاماره‌كه‌ی پولڤاما كه قه‌یرانی لێكه‌وته‌وه، له‌گه‌ڵ رۆژی په‌لاماره‌كه‌ی هیندستاندا په‌یوه‌ندیی پێوه كردم و پێی راگه‌یاندم كه له‌هه‌ڵوێستی پاكستان تێده‌گات.
پرسیار:- بۆچی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و وڵاته زلهێزه‌كان هه‌وڵی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كشمیر ناده‌ن هه‌رچه‌نده 71 ساڵ تێپه‌ڕیوه؟ ئایا پێتان وایه ئه‌گه‌ر هیندستان له‌دوایین بڕیاری خۆی پاشگه‌ز نه‌بێته‌وه، پاكستان له‌گه‌ڵیدا بكه‌وێته جه‌نگه‌وه؟
وه‌ڵام: كێشه‌ی كشمیر دوایین جار ساڵی 1965 له نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان تاوتوێكرا. پێم وایه مۆدی ئه‌مه‌ی هێناوه‌ته ئاستێك كه ته‌واوی وڵاتانی جیهان كاردانه‌وه له‌باره‌یه‌وه نیشان بده‌ن. ئه‌مڕۆ 46ه‌مین رۆژه كه ده‌نگی ته‌واوی كشمیر بڕاوه و نازانرێت له‌وێ چی رووده‌دات. ده‌توانن بیربكه‌نه‌وه مرۆڤه‌كان چۆن ده‌توانن له‌وێ بژین؟ هه‌شت ملیۆن مرۆڤ له‌ژیانێكی زیندان ئاسادان كه تێیدا قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆ راگه‌یه‌نراوه و هیندستان به‌هه‌ڵه‌دا چووه كه پێی وایه ده‌توانێت فشاره‌كانی به‌سه‌ر گه‌لی كشمیردا جێبه‌جێ بكات. هیچ كه‌س ناتوانێت فشار بخاته سه‌ر كشمیرییه‌كان. كاتێك ته‌ماشای فه‌ڵه‌ستین ده‌كه‌ین، ده‌بینن هیچ كه‌س ناتوانێت فشار بخاته سه‌ریان. باوه‌ڕم وایه زوو یان دره‌نگ گشتپرسی له كشمیر رێكده‌خرێت.
پاكستان ئاشتیی ده‌وێت. وه‌ك ده‌زانن كاتێك سه‌رۆكوه‌زیرانی پاكستان عیمران خان هاته ده‌سه‌ڵات، چه‌ند جارێك داوای چاوپێكه‌وتنی كرد. رایگه‌یاند كه دوو هه‌نگاو ده‌نێین له‌به‌رانبه‌ر هه‌نگاوێكی هیندستاندا. هه‌موو جارێك هیندستان ره‌تی كرده‌وه و ئه‌م داواكارییه‌ی ئێمه بووه هۆی ئه‌وه‌ی هیندستان به‌لاوازیی ئێمه وه‌ریبگرێت. ئه‌مه نیشانه‌ی لاوازیمان نییه، به‌ڵكو ده‌مانه‌وێت ئاشتی و خۆشگوزه‌رانی بهێنینه نێوان هیندستان و پاكستان. هیندستان له‌به‌رده‌م هه‌ژارییه‌كی زۆر گه‌وره‌دایه. ئه‌گه‌ر ئاشتی هه‌بێت، پاره‌كان بۆ خه‌ڵكی خه‌رج ده‌كرێت، به‌ڵام هیندستان له‌گه‌ڵ دراوسێكانیدا له‌هه‌ڵوێستێكی دوژمنانه‌دایه له‌به‌رامبه‌ر پاكستانیشدا. ئه‌م دۆخه جێگای نیگه‌رانییه.
پرسیار:- له‌روونكردنه‌وه‌یه‌كتاندا ئاماژه‌تان به‌وه داوه، مسوڵمانان جه‌نگیان ناوێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ناچاربین له‌جه‌نگیش ناگه‌ڕێینه‌وه. ئایا ده‌تانه‌وێت به‌م رسته‌یه ئه‌وه بڵێن كه پاكستان نابێته ئه‌و لایه‌نه‌ی كه جه‌نگ له‌گه‌ڵ هیندستاندا هه‌ڵده‌گیرسێنێت؟
وه‌ڵام: وه‌ك پێغه‌مبه‌ره‌كه‌شمان فه‌رموویه‌تی، مسوڵمانان جه‌نگیان ناوێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ناچاربن به‌پێی فه‌رمانی خودا ده‌جووڵێینه‌وه و ئه‌مه‌ش جیهاده. یه‌كه‌م ئێمه جه‌نگمان ناوێت. دووه‌م ئێمه وڵاتێكین خاوه‌ن هێزی ئه‌تۆمین. رژێمی فاشیستی مۆدی په‌نجه‌ی له‌سه‌ر دوگمه‌ی بۆمبی ئه‌تۆمییه و زۆر شڵه‌ژاون. مانگی شوبات پاكستان فڕۆكه‌یه‌كی خستنه‌خواره‌وه، ئه‌وانیش به‌هه‌ڵه هه‌لیكۆپته‌رێكی خۆیان خسته‌خواره‌وه. ئه‌مه ئه‌وه ده‌رده‌خات كه ئه‌وان به‌شێوه‌یه‌كی مه‌ترسیدار ده‌ستیان له‌سه‌ر دوگمه‌كه‌یه، چونكه هیندستان وڵاتێكه هه‌ست به به‌رپرسیارێتی ناكات. به‌ڵام له‌به‌رانبه‌ریشدا پاكستان هێزی ئه‌تۆمیی هه‌یه. بۆیه لێره‌دا ئاشتی زۆر گرنگه. جگه له‌وه‌ش پاكستان وڵاتێكی خاوه‌ن به‌رپسیارێتییه. دوای خستنه‌خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌كه‌یان ئه‌و فڕۆكه‌وانه‌ی ده‌ستگیرمان كرد ناردمانه‌وه بۆ وڵاته‌كه‌ی.
ئێمه ئاشتیمان ده‌وێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هیندستان هێرش بكات، به‌رپه‌رچی ده‌ده‌ینه‌وه. پێم وایه هیندستان ناتوانێت ته‌نانه‌ت به خه‌یاڵیش بزانێت كه مرۆڤی خاوه‌ن باوه‌ڕ چۆن به‌رگریی له‌خاكی خۆی ده‌كات.
پرسیار:- مانگی رابردوو سه‌رۆكوه‌زیرانی مالیزیا مه‌هاتیر محه‌مه‌د پێشنیاریكرد، توركیا، مالیزیا و پاكستان بۆ كۆكردنه‌وه‌ی جیهانی مسوڵمانان هه‌وڵێك ده‌ستپێبكه‌ن. وه‌ك سه‌ركۆماری پاكستان، ده‌توانیت چ رۆڵێكت هه‌بێت بۆ به‌ئه‌نجام گه‌یاندنی ئه‌م پێشنیاره.
وه‌ڵام: ئه‌مه زۆر گرنگ بوو. به‌رله دواین چاوپێكه‌وتنیشمان، من و عیمران خان ساڵی 2011 و 2012 له‌گه‌ڵ سه‌ركۆمار ئه‌ردۆغان چاوپێكه‌وتنمان ئه‌نجامدابوو. به‌ڕای من ئه‌ردۆغان سه‌ركرده‌یه‌كی وردبینه. سه‌رۆكوه‌زیران مه‌هاتیر و عیمران خان‌یش سه‌ركرده‌ی وردبینن. ئه‌م سێ وڵاته‌ش خاوه‌ن دانیشتوانی زۆر و دیموكراسیی مه‌زنن.
پێموایه كۆبوونه‌وه‌ی هه‌ر سێ وڵات له‌ڕووی ئابوورییه‌وه گرنگه. توركیا له‌پێشهاته‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا رۆڵێكی زۆر گرنگی له‌ئه‌ستۆگرتووه. له هه‌وڵی ده‌سته‌به‌ركردنی ئاشتییدایه له سنووری سووریادا. ئه‌گه‌ر ئاشتی ده‌سته‌به‌ر بكرێت له ئه‌فغانستان و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕستدا بووژانه‌وه‌یه‌كی گه‌وره ده‌بێت. له‌به‌رئه‌وه پێم وایه یه‌ككه‌وتنی توركیا، پاكستان و مالیزیا هاوكات ده‌توانن رۆڵیان هه‌بێت له بووژانه‌وه‌ی جیهانی ئیسلامی‌دا نه‌ك ته‌نها ئاشتی. ئه‌مه بۆ یه‌كڕیزیی نێوان مرۆڤه خاوه‌ن بنه‌ماكان و جیهانی مسوڵمان زۆر گرنگه.
پرسیار:- چۆن په‌یوه‌ندییه‌كانی ئاینده‌ی نێوان توركیا و پاكستان ده‌بینن؟ پێتان وایه ده‌بێت له كام بوارانه‌دا په‌یوه‌ندییه دووقۆڵییه‌كان زیاتر به‌هێز بكرێن؟
وه‌ڵام: پێم وایه له‌باره‌ی په‌یوه‌ندیی دووقۆڵییه‌وه توركیا و پاكستان دۆستی نزیكی یه‌كن و نموونه‌ن. دۆستایه‌تی و نزیكیمان ته‌نها له دامه‌زرانی پاكستانه‌وه سه‌ریهه‌ڵنه‌داوه، به‌ڵكو له‌كاتی جموجووڵی خه‌لافه‌ته‌وه په‌یوه‌ندیمان هه‌یه. بیرم دێت باوكم كه ساڵی 1980 كۆچی دواییكردووه، به‌جۆش و خرۆشه‌وه باسی له خه‌لافه‌ت ده‌كرد. خۆیشی له‌و جموجووڵه‌دا رۆڵی بینیوه. پێم وایه بنه‌مای سه‌ره‌كیی په‌یوه‌ندیی دۆستایه‌تیمان كه وێنه‌ی نییه له‌جیهاندا، لێره‌وه ده‌ستپێده‌كات. جگه له دۆستایه‌تیی نێوان حكوومه‌ته‌كان، ئه‌مه دۆستایه‌تیی نێوان مرۆڤه‌كانه. به‌ڕای من پێویسته رابردووی ئه‌م په‌یوه‌ندییه كه زیاتریش گه‌شه‌ی كردووه، به‌نه‌وه‌ی نوێمان ئاشنا بكرێت.
ده‌كرێت له‌ئاینده‌دا هه‌وڵی ئابووری هه‌بێت له‌نێوان توركیا و پاكستان‌دا و ئاڵوگۆڕی كولتووریی له‌نێوان مرۆڤه‌كاندا هه‌بێت. ده‌كرێت له پیشه‌سازیی فڕۆكه و ژێرخاندا هه‌ماهه‌نگیمان هه‌بێت. ده‌كرێت توركیا و پاكستان هه‌ماهه‌نگییه‌كی باشیان هه‌بێت له پیشه‌سازیی به‌رگرییدا. چه‌ند مانگێگ له‌مه‌وبه‌ر كه‌شتییه‌كمان به هاوكاریی توركیا درووستكرد. پێموایه ئه‌مه هه‌ماهه‌نگییه‌كی مه‌زنی نێوان دوو وڵاتی برایه. پێویسته پێكه‌وه بژین، پێكه‌وه بیربكه‌ینه‌وه و پێكه‌وه كاربكه‌ین.
پرسیار:- گه‌لی توركیا خۆشحاڵه له‌باره‌ی پشتیگریی پاكستانه‌وه له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی رێكخراوی تیرۆرستیی فه‌تۆدا. له‌وباره‌وه پێتان وایه كه مه‌ترسیی فه‌تۆ له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا دركی پێكرابێت؟
وه‌ڵام: پێم وایه ئه‌م بابه‌ته له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا به‌شێوه‌یه‌كی باش به‌هه‌ند وه‌رگیراوه. پێم وایه پشتیوانیی توركیامان كردووه. ئه‌وكاته‌ی بینیمان چی روویداوه، پاكستان ده‌ستبه‌جێ ده‌ستی به هه‌وڵه‌كانی كرد. كاتێك سه‌ردانی توركیام كرد بۆ كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی ئیستانبوڵ، ئه‌ردۆغان به‌تایبه‌ت داوای لێكردم دۆسیه‌ی ته‌واوی ئه‌و تیرۆرستانه له پاكستان خێراتر بكرێن. ئێمه‌ش به‌رده‌وام بووین، قۆناغه‌كانی دۆسیه‌كانمان خێراكرد و خوێندنگه‌كانمان راده‌ستی وه‌قفی مه‌عاریف كرد.
پێم وایه ئه‌م بابه‌ته له‌لایه‌ن توركیاوه به‌شێوه‌یه‌كی باش و ژیرانه تاوتوێكراوه. ئه‌وه‌ش ئێمه دڵخۆش ده‌كات كه گه‌لی تورك پشتگیریی حكوومه‌تی توركیا ده‌كات. ئه‌مه له‌جیهاندا بووه نموونه‌یه‌كی جوان كه ده‌ریخست، ئه‌گه‌ر گه‌لت له‌پشت بێت هیچ كه‌س ناتوانێت زیانت پێ بگه‌یه‌نێت.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن