Muhammet Tarhan
15 شوبات 2023•نوێکردنەوە: 15 شوبات 2023
ئەنقەرە - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوە کرد کە دوای ئەو بوومەلەرزانەی قەهرەمانمەڕەشیان هەژاند و بە کارەساتی سەدە ناسراوە، ئەرمینیا هەماهەنگیی و هاودەنگیی لەگەڵ تورکیا نیشانداوە و رایگەیاند: ''لەم رۆژە سەختانەماندا، ئەرمینیا دەستی دۆستایەتی بۆ هاووڵاتییانمان درێژ کرد، هاودەنگیی و هاریکاریی نیشان دا''.
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا، ئارارات میرزۆیان لە بینای وەزارەتی دەرەوە لە ئەنقەرە، چاوشئۆغڵو کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشی لەگەڵدا ساز کرد.
چاوشئۆغڵو باسی لەوە کرد کە پاش بوومەلەرزەکان ئەرمینیا تیمێکی ٢٨ کەسی گەڕان و رزگارکردنی رەوانەی تورکیا کردووە و لە هەشتی شوباتەوە تا ئێستا، تیمەکە لە ئادیامان بەچڕی سەرقاڵی کارە.
گوتیشی: ''تیمەکەی ئەرمینیا لە میانی کارەکانی گەڕان و رزگارکردندا کچێکی بچووک و خاتوونێکیان رزگار کرد. دەمەوێت زۆر سوپاسیان بکەم. بەڕاستی بەدڵ و بەگیان کاریان کرد و بینیمان چەندە دڵخۆش بوون کاتێک هاووڵاتییەکانمانیان رزگار کرد''.
چاوشئۆغڵو هەروەها باسی لەوە کرد کە ئەرمینیا ١٠٠ تۆن هاوکاری مرۆیی رەوانەی تورکیا کردووە و لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆشیاندا هاوتا ئەرمەنیەکەی میرزۆیان ئاماژەی بەوە کرد کە هاوکاری دیکەش دەنێرن.
گوتیشی: ''لەم رۆژە سەختانەماندا، ئەرمینیا دەستی دۆستایەتی بۆ هاووڵاتییانمان درێژ کرد، هاودەنگیی و هاریکاریی نیشان دا. ئەرمینیا لە ساڵی ١٩٩٩شدا لە کاتی بوومەلەرزەدا، هاوکاری مرۆیی بۆ تورکیا رەوانە کرد''.