Muhammet Torunlu
15 شوبات 2023•نوێکردنەوە: 15 شوبات 2023
کەراچی – AA
سبەی پێنجشەممە سەرۆکوەزیرانی پاکستان، شاھباز شەریف بە مەبەستی دەربڕینی ھاوخەمی خۆی بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکانی شەشی ئەم مانگە، سەردانی تورکیا دەکات.
بڕیاربوو شاھباز شەریف رۆژی شەشی ئەم مانگە سەردانی تورکیای بکات، بەڵام بەھۆی بوومەلەرزەکانەوە سەردانەکەی بۆ ١٦ی ئەم مانگە دواخرا.
سەرۆکوەزیرانی پاکستان، شاھباز شەریف لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوەدا کە بوومەلەرزەکانی پارێزگای قەھرەمانمەڕەش باشووری تورکیا زۆر وێرانکەر بوون و گوتی: "وەک چۆن تورکیا لە کاتی روودانی بوومەلەرزەکان و دروستبوونی لافاو و ساتە سەختەکاندا پاڵپیشتی لێکردین، ئێستایش ئێمە لەم ساتە خەمناکەدا، وەک خێزانێک پاڵپشتی لە تورکیا دەکەین".
راشیگەیاند کە لە رۆژی روودانی بوومەلەرزەکەدا، پەیوەندی تەلەفۆنیی لەگەڵ سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەنجامداوە و باسی لەوەش کرد کە تا ئێستا لەڕیگای وشکانیی و ئاسمانییەوە، چەندین کاروانی ھاوکاری مرۆییان بۆ تورکیا ناردووە.
شاھباز شەریف جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە پاکستان ھەرچی لەتوانایدا بێت بۆ پاڵپشتیکردن لە تورکیا ئەنجامی دەدات.
چاوەڕوان دەکرێت سەرۆکوەزیرانی پاکستان، شاھباز شەریف لە میانی سەردانەکەی بۆ تورکیا لەگەڵ سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆببێتەوە.
لە میانی چەند رۆژی رابردوودا، ئاژانسی ئیدارەدانی کارەساتەکان و ژمارەیەک پارت و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی پاکستان، کەمپەینیان بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک و ھۆکاری بۆ زیانلیکەوتووەکانی بوومەلەرزەکان لە تورکیا و سووریا رایگەیاندبوو.
رۆژی شەشی ئەم مانگە دوو بوومەلەرزە بەگوڕەکانی ٧،٧ و ٧،٦ پلە لە پارێزگای قەھرەمانمەڕەش باشووری تورکیا روویاندا و کاریگەرییان لەسەر ١٠ پارێزگای تورکیا و پێنج پارێزگای سووریا دروست کرد.
لە رۆژی حەوتی ئەم مانگەدا، حکوومەتی پاکستان لە رێگای ١٦ فڕۆکە، هەروەها ١٦ بارھەڵگرەوە کاروانی ھاوکارییە مرۆییەکانی بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکان لە تورکیا و سووریا نارد.
بەپێی دوایین ئامار ژمارەی ئەو کەسانەی لە تورکیا و سووریا بەھۆی بوومەلەرزەکانەوە گیانیان لەدەستداوە ٣٨ ھەزار کەسی تێپەڕاندووە.