ئەنقەرە
وەزیری تەکنەلۆژیا و پیشەسازی تورکیا نیھاد ئەرگون لەلێدوانێکیدا ئاماژەی بە بایەخی ڕۆڵی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە پرسی ئاشتی و چارەسەری کرد و گوتی: "وەک چۆن حکومەتی ناوەندیی عێراق رۆڵی گرنگی لە چارەسەری پرسەکە ھەیە، حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش رۆڵی گرنگی دەبێت، سەردانەکەی بارزانی سەردانێکی پر بایەخ و گرنگە بۆ دیاربەکر، تێناگەم لە نیگەرانی لایەنەکان لەسەردانەکە."
ھەروەھا گوتی: "مەھەپە ناڕەزاییەکی کلاسیکی ھەیە، بەردەوام ئەو شێوازە دەگرێتەبەر، بەڵام نازانم جەھەپە بۆ لە سەردانەکە نیگەرانە، لەھەمووی گرنگتر لە نیگەرانیی بەدەپە تێناگەم، بەدەپە پارتێکی سیاسی تورکیایە، بیروڕایەکی ھەیە لە تورکیا بانگەوازی بۆ دەکات، ئایا دەبێت بارزانیش ھەمان رێچکە و بانگەواز بکات؟، ئایا بارزانی بەشداری ھەڵبژاردنەکان دەکات؟، نەخێر بارزانی دەنگ نادات، لە ھەڵبژاردنەکان بەشدار نابێ، ئێوە دەچن بۆ ھەڵبژاردنەکان، بۆچی نیگەرانن لەسەر ئەم جۆرە نزیکبونەوانە و تێکەڵ بە ھەڵبژاردنی دەکەن؟ لەھەڵبژاردنی پاریزگاکاندا کێ زیاتر کاری کردبێ، کێ زیاتر رێزی خەڵکی گرتبێ، کێ خزمەتی خەڵکی کردبێ، ئەو لایەنە سەرکەوتن بەدەست دێنێ، بارزانی ھەڵبژاردنەکان ناباتەوە، بەخۆڕایی لەسەردانی بارزانی نیگەرانن، چونکە سەردانی بارزانی نابێتە ھۆی سەرکەوتن و دۆڕانی ئێمە یان ئێوە."