دیاربەکر
چەند ڕێکخراوێکی کۆمەڵگەی مەدەنی و بەرپرسانی دیاربەکری پارتی ماف و ئازادیەکان داوا لە لایەنە کوردیەکان دەکەن واز لەو ھەڵوێستە توندانەیان بھێنن، کە لە بەرامبەر سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانی عێراق بۆ شارەکە دەینوێنن.
لە شاری دیاربەکر و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە چەندین نوێنەری پارتی ماف و ئازادیەکان و گروپی دیالۆگی دیجلە و فورات و سەکۆی دیموکراسی کوردی و ڕۆژنامەنووسانی باشوری ڕۆژھەڵاتی تورکیا ئامادەی بوون ، باس لە سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی بارزانی کرا بۆ شارەکە و بە سەردانێکی گرنگیان وەسف کرد.
لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەدا ئاماژە بەوە کرا کە لە دوای بڵاو بوونەوەی ھەواڵی سەردانی بارزانی بۆ دیاربەکر جۆرێک لە جۆش و خرۆش شارەکەی گرتۆتەوە و خۆشحاڵیەکی زۆریشی لەناو ڕۆژنامەنووسان و چینە جیاجیاکانی ئەو شارەدا دروست کردوە، راشیدەگەیەنن کە ئەو سەردانە کاریگەریەکی زۆری لەسەر بەرەوپێشچوونی قۆناغی ئاشتی دەبێت.
لە بەشێکی تری کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا ئەو لایەنانە داوایان لەو سیاسەتمەدارە کوردانە کرد کە ھەر لە ئێستاوە دژی ئەو سەردانەن، واز لەو ھەڵوێستانەیان بھێنن و لە دیدێکی نەتەوەییەوە بڕواننە سەردانەکە و داواشیان کرد ھەموو لایەک بە سەردانێکی لەو جۆرە خۆشحاڵ بن.